بۆ ماڵی خودا بەڕێکەوتن
بچووکترین کەسی هەولێر کە دەبێتە حاجی تەمەنی 27 ساڵە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لەدوای پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکوک و هەڵەبجە، یەکەم کاروانی حاجیانی هەولێریش بە رێگای وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن
کاتژمێر حەوتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 17.5.2025 لە شەقامی کەرکووک حاجیان ماڵئاواییان لە کەس و کاریان کرد و بەرەو وڵاتی سعودیە کەوتنەڕێ بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
عەبدولسەمەد زرار، وەکو بچووکترین کەس لە هەولێر کە تەمەنی 27ساڵە بە 964ـی وت، ”هەستێکی زۆر خۆشمان هەیە و ئینشاڵا بە نسیبی هەموولایەک دەبێت، دووساڵە لەگەڵ دایکم حەزمان دەکرد ئەو گەشتە ئەنجام بدەین، بەڵام ساڵی پار بە قسمەتمان نەبوو ئەمساڵ بەیەکەوە گەشتەکە دەکەین”.
جەمال عومەر، هاوڵاتییەکی دیکەیە لەوانەی گەشتەکە دەکات بۆ 964 وتی، ”ئێمە کە بانگهێشت کراوین و خوای گەورە بانگی کردووین نیعمەتێکی گەورەیە، هەستێکی زۆر خۆشە و وەسف ناکرێت، ئەوە گەشتێکی گەشتیاری نییە ئەوە گەشتێکی رۆحیە ئیمانت نوێ دەکەیەوە، دەبێت خۆمان خاوێن بکەیتەوە لەگەڵ خودا”.
ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 کەس گەشتی حەج ئەنجامدەدەن، سێ هەزار و 496 کەس لە رێگەی ئاسمانی و هەزار و 640 کەسیش لە رێگای وشکانیەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر