964 چیرۆكی كچە پاڵەوانێکتان بۆ دەگێڕێتەوە

هەردوو قاچ و دەستێكی لەدەستداوە و یەكەمە لەسەر ئاستی جیهان

964+

محەمەد فاتیح

ساڵی 2008 نەجلە تەمەنی تەنیا چوار ساڵ بوو كاتێك لە تەقینەوەیەكدا لە شاری بەعقوبە هەردوو قاچ و قۆڵی راستی لەدەست دا.

خۆی ئەم چیرۆكە پڕ له ژان و ئازارە دەگێڕێتەوە و دەڵێت مانگی نیسانی 2008 بوو چاوەڕێی باوكمم دەكرد تاكو لە كارەكەی بگەڕێتەوە و پێشوازی لێبكەم، بەڵام تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو ئۆتۆمبێلەكەی باوكمی هەژاند و منیشی بەسەختی بریندار كرد، هەردوو قاچم و قۆڵی راستمم لە دەست دا.

لەو رۆژەوە تا ئێستا هەمیشە باوكە بریندارەكەمم بەجێ نەهێشتووە، من یاوەری ئەو دەكەم و ئەویش لە هەموو گەشتەكانمدا یاوەریم دەکات، باوكم ئەو کەسەیە کە هانيدام و وزەی پێبەخشیم بۆ گەیشتن بە خواستەکانم.

لە قوتابخانەی سەرەتایی دەگریا و خۆزگە دەخواست کە تەقینەوەكە بیكوشتایە پێش ئەوەی هەست بە كەمئەندامێتی بکات کاتێک هاوپۆلەکانی دەبینی کە یاری دەکەن و لێرە و لەوێ رادەکەن ئەویش لەسەر کورسیە گەڕۆکەکەی قەتیس بووە، بەڵام لەپڕ ئەم بیرکردنەوانەی لە مێشكی خۆی دەرکرد و بڕیاریدا لە كەمئەندامێتییەوە هەنگاو بنێت بۆ سەركەوتن.

لەگەڵ ئەوەی لە خوێندن سەركەوتنی بە دەستهێنا و لە تاقیكردنەوەی وێژەیی نمرەی 75ـی وەرگرت تەنیا بەیەك قۆڵ (قۆڵی چەپی) مەشقی کرد و بڕیاریدا بەشداری یەکەم بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەقینە ببێتەوە لە پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی عێراق لەسەر کورسی گەڕۆک، سەرەڕای ئەوەی کە بچووکترین بەشداربوو بوو، توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و بووە ئەندامی هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی عێراق لە لیژنەی پارالۆمپیک و دواتر توانی بۆ پارالۆمپیكی پاریس سەركەوێت و لەوێش یەكەم مەدالیای زێڕی لە مێژووی پارالۆمپی عێراق بەدەستهێنا.

لە ساڵی 2018  سەمیر ئەلکوردی، بڕیاریدا قاچی دەستكردی بۆ دروست بكەن و بە وەستانەوە بەشداری لە یارییەكان بكات.

نەجلا لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلقەف لە بەغدا 3 ئەندامی دەستکردی بۆ دانراوە و نەجلە ئەو رۆژە بە یەکێک لە خۆشترین رۆژەکان وەسف دەکات لە ژیانیدا، كە توانی دووبارە بە پێوە بوەستێتەوە دوای 10 ساڵ لە دانیشتن لەسەر کورسییەک.

نەجلا جگە لە مەدالیای زێڕی پاریس، هەروەها لە تۆکیۆی 2020 میدالیای زیوی بەدەستهێنا، جگە لەوە لە پاڵەوانیەتیی تایلەند پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

هەروەها لە پاڵەوانێتی ئاسیا کە لە ساڵی 2022 لە بەحرەین كرا، پلەی یەکەمی لە بەشی لاوان و پلەی دووەمی لە بەشی پێشکەوتووان بەدەستهێنا، لە دوو پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی، کە لە میسر و ئوردنیشدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لەگەڵ چەند دەستكەوتێكی دیكەش، بڕیارە لە پارالۆمپیی 2028یش لە ئەمریكا بەشداریی بكات.

نەجلا لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی دیالە دەخوێنێت و ئاواتەخوازە خوێندنی میدیا بخوێنێت بۆ ئەوەی ببێتە پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی.

وەك رێزلێنانێكیش بۆ دەستكەوتەكانی، لەلایەن گۆڤاری فۆربسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک یەکێک لە باشترین 30 کەسایەتی وەرزشیی کاریگەرى تەمەن ژێر 30 ساڵان، هەڵبژێردرا.