وێنە-964+-مانگرتوانی دەربەندیخان
خۆپیشاندان دوو کاتژمێر کارەبای بۆ دەربەندیخان زیادکرد
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاردرا رۆژانە بڕی دوو کاتژمێر زیاتر کارەبای نیشتمانی بۆ قەزای دەربەندیخان دابین بکرێت، قایمقامیەتی قەزاکە دەڵێت، ئەمە بە لەبەرچاوگردنی دۆخی مانگرتوان و خۆپیشاندەرانە.
قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت “بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مانگرتووان و چالاکوانان و خۆپیشاندەران، بە پشتیوانی چین و توێژەکانی قەزای دەربەندیخان و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بڕیاردرا بە زیادکردنی دوو کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ قەزای دەربەندیخان.”
دەشڵێت “هەوڵدان و کارکردن بەردەوام دەبێت بۆ زیاترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە شاری دەربەندیخان.”
هاوڵاتیانی قەزای دەربەندیخان، ماوەی 14 رۆژە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان بەردەوامن و لەسەر شەقام دەمێننەوە، بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە راگەیاندووە.
داواکارییەکانی خۆپێشاندەرانی دەربەندیخان پێکدێت لە سێ بابەتی سەرەکی، ئەوانیش دابینکردن و پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە، هەڵگرتنی پێوەری ئاو و زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری دا بە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبای قەزاکە و رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپێردران، کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییەکان و نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان بکەن.
قەزای دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵکەکەی بەدەست کێشەی ئاوی خواردنەوە و بێکارەباییەوە دەناڵێنن.