عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
بە خەمگینییەوە باسی کردووە
ئۆجەلان تازە هەواڵ گیان لەدەستدانی دوو پلەداری پەکەکەی پێ گەیشتووە
ئەحمەد مستەفا
عەبدوڵا ئۆجەلان، تازە دەیبیستێ، حەوت ساڵ پێش ئێستا یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەستەی هەشت کەسی پەکەکە، عەلی حەیدەر قەیتان و شەش ساڵ پێش ئێستا پلەداری ناو پەکەکە رەزا ئاڵتوون گیانیان لەدەستداوە.
وەک ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە ئەنجامنامەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی باسی کردووە، عەلی حەیدەر قەیتان لە 3ی تەمموزی 2018 و رەزا ئاڵتوون، لە 25ی ئەیلوولی 2019دا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.5.2025، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان “هەڵوەشاوە”، پەیوەست بە کۆنگرەی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و پەیامەکە لەلایەن فایەق ئۆزگوور ئەرۆل، پارێزەر لە نوسینگەی یاسایی ئەسرین لە پرسەی قەیتان و ئاڵتووندا خوێندرایەوە.
ئەو نوسیوویەتی، بە رێزەوە سڵاو لە بڕیارەکانی کۆنگرەی دوانزدەیەمینی مێژوویی و پەیامەکانی پەیوەست بە داهاتوو دەکەم، ئۆجەلان لە پەیامەکەدا ئەوەشی نوسیوە، بە خەمگینییەکی زۆرەوە بیستم کە عەلی حەیدەر قەیتان و رەزا ئاڵتوون ژیان ئاواییان کردووە.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە چواری نیسانی 1948 لە گوندی ئەمارا لە قەزای خەلفەتی سەر بە پارێزگای رها “ئورفا” لەدایک بووە، ئۆجەلان و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە 27ـی تشرینی دووەمی 1978 پارتیی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”یان دامەزراند و ساڵی 1984 دەستیان کرد بە خەباتی چەکداری.
ئەو15.2.1999 لە کینیا دەستبەسەر کرا و 26 ساڵە لە دورگەی ئیمڕاڵی لە پارێزگای بورسا لە تورکیا زیندانی کراوە، بەم جۆرەش ئۆجەلان زیاتر لە یەک لەسەر سێی تەمەنی خۆی لە زیندان بەڕێکردووە.
پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەمشێوەیەیە:
“هەڤاڵانی هێژا
بە خەمگینییەکی زۆرەوە بیستم کە عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتوون ژیانئاواییان کردووە
دواتر دەربارەی یادی هەردوو هەڤاڵ هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان دەکەم، ئێستا بە ڕێزێکی زۆرەوە بەبیریان دەهێنمەوە.
لە تێکۆشانی بوونی نەتەوەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەمیشە شوێنیان هەیە.
ئەوان بۆ پارادایم و ڕێکخستنی سەردەمی نوێ وەک بنەماکانی ئیلهام هەتا هەتایە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.
وەک ڕێبەرانی هەمیشەیی لە تێکۆشانماندا درێژە بە هەبوونیان دەدەن.
بەم بۆنەیەوە من بە ڕێزەوە سڵاو لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـیەمینی مێژوویی و پەیامەکانی پەیوەست بە داهاتوو دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمرالی / بورسا
١٢-٥-٢٠٢٥