لە روسیاوە بۆ سلێمانی
ئەو دەروێشە رووسەی تا گیانی سپارد هیچی لە زار نەهاتەدەر
+964
دیلان محەمەد جەزا
لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوو پیاوێکی قژ زەرد و چاوشین لە رووسیاوە دێتە سلێمانی، ئەم هاتنە لای شێخ مەحمود ئەو کاتە جێی گومان دەبێت، بۆیە فەرمان دەدات دەستگیری بکەن، پاش ماوەیەک شێخانی کریپچنە دەچنە لای شێخ و ئازادی دەکەن و دەیبەنە لای خۆیان، لەوێ ناوی دەنێن (سەیفوڵا قادر کەریم کەسنەزانی).
ساڵ دێ و دەڕوات گەنجە رووسەکە دەبێتە دەروێشی شێخ و هەر لەوێ فێری زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی دەبێت، هەر دوای ئەوە کچێکی کوردی بۆ دەخوازن و دەبێتە خاوەن ماڵ و منداڵ.
دەروێشە رووسییەکە نە لای منداڵەکانی و نە لای هیچ کەسێکی دیکە نهێنی هاتنەکەی نادرکێنێت و هەموو ژیانی تەرخان دەکات بۆ زیکرو قورئان خوێندن، هەر کاتێکیش پرسیاری رەچەڵەکی لێ دەکەن، جگە لە فرمێسک هیچی تری لێ نابینن.
تا ساڵی 1974 دەروێش محەمەد لە سابونکەرانی سلێمانی گیان دەسپێرێت و لە گردی سەیوان دەینێژن، کەس هیچی لێ نابیستێت.
ئاوات محەمەد عەلی سەیفوڵا ناسراوە بە ئاواتی عەلە رەش، نەوەی ئەم دەروێشە رووسەیە، خۆی چیرۆکەکەی بۆ 964 گێڕایەوە.
ئاوات هەر ئەوەندە لە بارەی باپیریەوە دەزانێت، دەڵێ: ”گومان هەیە لە روسیا ناوی جۆرج نیکۆڵا بووبێت، بەڵام لەوە دڵنیا نین”.
ئاوات چیرۆکێکی سەیری دیکەشی هەیە، نەنکی (دایکی دایکی) جوو بووەو ساڵانی پەنجاکان لە ژێر فشاری براکانیدا منداڵەکانی جێ دەهێڵێت و دەچێت بۆ ئیسرائیل.
چیرۆکی دەروێشە رووسەکە و داپیرە جووەکە سەرنجڕاکێشە، دەتوانن لەم ڤیدیۆیەدا بیبینن.