کاریگەرییەکانی بێ بارانی دەرکەوتن

“ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە کوردستان کەم دەبێت”

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

کەمی باران کاریگەری لەسەر دەغڵ و دانی جوتیارانی کوردستان بەگشتی دروستکردووە و بەقەسەی وەزیری کشتوکاڵ، ئەمساڵ جوتیاران گەنمی کەمیان دەبێت.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی، “رێژەی کەمی بارانبارین کاریگەری لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان هەبووە و بەتایبەتیش ئەمساڵ بەرهەمهێنانی گەنم بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێژنەی تایبەتیان هەیە کە ساڵانە بڕشتی جوتیاران دیاری دەکەن و بۆ ئەمساڵیش بەهەمان مکانیزمی ساڵانی پێشوو، لە سایلۆکان گەنمی جوتیاران وەردەگیرێت.

بێگەرد تاڵەبانی وتیشی، بەپێی رۆژمێری کشتوکاڵی، لە کاتی پێڕاگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، بەرهەمی هاوردەکراو قەدەغە دەکەن و ئەو بەرهەمانەشی لە کوردستان کەم دەبنەوە، رێگە بە هاوردەکردنیان دەدرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری