بۆ خۆپاراستن له‌ ئاگر و ئاو و رووخان و بومه‌له‌رزه‌

تیمێكی ئه‌ڵمانى تاقیكردنه‌وه‌ به‌ تیمه‌كانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خێرا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌هه‌ولێر تیمێكی ئه‌ڵمانى تاقیكردنه‌وه‌ى به‌تیمه‌كانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خێراى پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كرد بۆ چۆنیه‌تى خۆپاراستن و رزگاربوون له‌ رووداوه‌كانى خۆپاراستن له‌ ئاگر و ئاو و رووخان و بومه‌له‌رزه‌.

JCC پارێزگای هەڵەبجە، بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌م تاقیکردنەوەیە بۆ یەکەمجاره‌ له‌ هەرێمی  كوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی KOPEX بۆ تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و تیمی لۆجیستیك سەنتەرەکان و بەستنەوەی تیمەکان بە ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان ئەنجامده‌درێت.

تاقیكردنه‌وه‌كه‌، لە چوارچێوەی پلانى هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان  و وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری THW  به‌ڕێوه‌چوو.

تاقیکردنەوەکە لەلایەن ئاژانسه‌ ئەڵمانییه‌كه‌ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو کە لەلایەن راهێنەرە ئەڵمانی و راهێنەرە پسپۆرەکانی پەیمانگای بەرگری شارستانی بەڕێوەچوو.

ئه‌و سیناریۆیانه‌ى له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ كاریان له‌سه‌ر كرا بریتی بوون له‌ گەڕان و رزگارکردن دوای روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز، دەرهێنانی بریندار و مردوو، رووخاندنی دیواری بەربەست لەناو تونێل، دەرهێنانی ئاو لە ژێر زەوی باڵەخانەکان، کوژاندنەوەی ئاگر، و هەڵسەنگاندنی ناوچەکان لە مەترسی رووخاندنی باڵەخانەکان، دروستکردنی کەمپ بۆ هاتنی شەپۆلی ئاوارە، دابینکردنی پێداویستی سەرەتایی، دابینکردنی خواردن و خواردنەوە.