عێراق رۆژانە 23 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات

هەناردەنەكردنەوەی نەوت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزتر دەكات

964+

محەمەد فاتیح

هەناردەنەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زەرەر و زیانی تەندا بۆ هەرێم نییە، بەڵكو  كاریگەری بۆ سەر عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان ئۆپیک و عێراقیش دەبێت.

دكتۆر گۆڤەند شیروانی ئەكادیمی و شارەزای بواری نەوت بە 964ـی وت، دواكەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم زەرەر و زیان بە عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم و توركیا دەگەیەنێت و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق ئاڵۆزتر و قورستر دەكات.

“عێراق تائێستا 23 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە و ئەم زیانەش بەردەوام دەبێت، تا ئەم بابەتە چارەسەر دەكرێت و تۆمەتباركردنی عێراق لەلایەن ئۆپیك پڵاسەوە بە تێپەڕاندنی ئەو پشكەی بۆى دانراوە، وەك سزایەک بوو بەسەر عێراقدا”، دكتۆر گۆڤەند شێروانی واى وت.

ئەو دەشڵێت، “نەوتێكی زیاتر دێتە ناوبازاڕەكان و نرخەكان دادەبەزن و عێراقیش زەرەرمەند دەبێت وەك هاوپەیمانێكی ئۆپیک، لە كاتێكدا نرخی نەوت زۆر دابەزیوە بە جۆرێك لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی رابردوو بەم جۆرە دانەبەزیوە”.

باسی لەوەشكرد نرخی نەوت لە یاسای بودجەی عێراق بە  70 دۆلار دیاریكراوە بەڵام لە ماوەی ئەم هەفتەیە نرخەكە بە كەمتر لە 63 دۆلار فڕۆشراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونی داهاتی نەوتی عێراق و رۆژانە بە بڕی 23 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات و مانگانە دەگاتە 700 ملۆن دۆلار و بۆ ماوەی ساڵێك زیانەكە دەگاتە 8 ملیار واتا 10% داهاتی نەوتی عێراق.

پێشتر وریا حوسێن حەبیب، سەرۆکى رێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان بە 964ـی وت “لە عێراقدا عەقڵیەتێكی شۆڤێنی هەیە كە بڕوای وایە هەر رێكەوتنێک لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشە بۆ داهاتووی عێراق دروست دەكات و پێشكەوتنی كورد به كەشێكی نەرێنی بۆ داهاتووی عێراق دەبینن”.

هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە، لە ئاداری 2023ەوە وەستاوە و ئەمەش زیانی زۆری بە ئابووریی كوردستان و عێراق گەیاندووە.