داهێنانی خوێندکاران نمایش کران
دووەمین فێستیڤاڵی زانستی کۆلێژەکانی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری بەڕێوەچوو
راژان باجەڵان – خانەقین
دووەمین فێستیڤاڵی زانستی کۆلێژەکانی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری زانکۆی گەرمیان لە خانەقین بەڕێوەچوو و تیایدا داهێنانی خوێندکاران نمایش کران.
رامان بابەکر خوێندکارێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت، ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی یارییەکە کە ئەفسانە کوردییەکانی تێدا بەکارهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم کۆمێنتەکانی ناو یارییەکە بە زمانی کوردییە و هاوڵاتیانیش بەو خاڵە زۆر سەرسامن.
لەرێ بورهان بەشداربوویەکی دیکەیە و پێیوایە پڕۆژەکەی دەتوانێت، گۆڕانکارییەک لە داهاتووی پزیشکیدا دروست دەکات، پڕۆژەکەی بریتییە لە ئامێرێک کە تێچووی کەمترە لە 150 دۆلار و دەتوانێت لە ماوەی یەک خولەکدا هێڵکاری دڵ بکات و خێرایی جوڵەی خوێن لە جەستەی مرۆڤدا پێوانە بکات.
کۆلێژی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری دوو کۆلێژی سەر بە زانکۆی گەرمیانن و ساڵانە ئەم چالاکییە زانستیانە لە خانەقین بۆ خوێندکاران ئەنجام دەدەن و سەرجەم بەرهەمە تەکنۆلۆجییەکانی خوێندکاران نمایش دەکرێن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری