"خەڵک هەبووە بۆ ئەمڕۆ پارەی قەرز کردووە"

هەر لە ئێستاوە هۆڵەکان بۆ 25.5.2025 گیراون و بەرناکەون

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەمڕۆ 5.5.2025 یەکێک بوو لە رێكەوتە جوانەکانی ساڵ کە خواستی زۆریان لەسەرە بۆ مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکان و هەر لە ئێستاشەوە بەشێک لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، گیراون بۆ رۆژی 25.5.2025، بەڵام بە قسەی یەکێک لە خاون هۆڵەکانی هەولێر، قەیرانی دارایی و بێ پارەیی کاریگەری لەسەر ئەو رۆژانەش داناوە.

ئەمیر موفتی کە نزیکەی 20 ساڵە خاوەنی هۆڵی ئاهەنگگێرانە، بە 964ـی وت، “مانگێک لەمەوبەر هۆڵەکەمان گیراوە بۆ ئەمڕۆ و خەڵک حەزی لە رێكەوت و بەرواری جوانە، چەند بووک و زاوایەکی دیکەش بەنیازبوون هەر ئەمڕۆ لە هۆڵەکەمان ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام بەریان نەکەوت، بۆیە ناچاربوون، دوێنێ مەراسیمەکەیان ئەنجام بدەن”.

باسی لەوەش کرد، خەڵک هەبووە پارەی قەرز کردووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هۆڵ بەکرێ بگرێت و تێیدا ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدات.

جەسام بندیان یەكێکی تر لە خاوەن هۆڵەکانی هەولێر وتی، هەرچەندە ئەمڕۆ بەروارێکی جوان بوو، بەڵام زۆر نۆرماڵ بوو و لۆدی زۆرمان لەسەر نەبوو، ئەوەش بۆ خراپی رەوشی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی پارە دەگەڕێتەوە.

“رۆژی 12.12.2022 هۆڵەکمان بە 42 وەرەقە واتە چوار هەزار و 200 دۆلار بەکرێ دا، دواتر زاوایەکی تر هات ویستی هۆڵەکە بگرێ و وتی، ئەگەر ئەو کەسە پەشیمان ببێتەوە و سەرەکەی خۆیم بداتێ، هەزار دۆلاری دەدەمێ”، جەسام بندیان وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی نەبوونی موچە و كرێی زۆر، وەک ساڵانی رابردوو خەڵک لە رێكەوتی جوان ناپرسێت و تەنانەت ئامادەن جگە لە رۆژانی هەینیش، مەراسیم و ئاهەنگ لە هۆڵەکان بگێڕن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

منداڵبوون بە دەستووری ژمارەی مۆبایل و ئۆتۆمبێل

منداڵبوون بە دەستووری ژمارەی مۆبایل و ئۆتۆمبێل