964 ساغى دەکاتەوە
15 سەر ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی رزگاری مرداربونەتەوە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
نەخۆشییەک بەرۆکی ئاژەڵی خانەکانی ناحیەی رزگاری گرتووەو زیاتر لە 15 سەر ئاژەڵ مرداربونەتەوە، ڤێترینەریش دەڵێت، نەخۆشیەکی ڤایرۆسییە و ترسى تاى خوێنبەربوونىان نییە.
سۆران خەلیل، بەڕێوەبەری ڤێترینەری ناحیەی رزگاری بە 964ـى وت،”نزیکەی ھەفتەیەکە نەخۆشی تەبەق کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەناو ئاژەڵەکانی مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی رزگاری بڵاوبۆتەوە، ئاژەڵی کۆرپە کەمتر بەرگەی نەخۆشیەکە دەگرێت”
“نزیکەی 15 سەر ئاژەڵ مرداربونەتەوە بەھۆی نەخۆشییەکەوە، بەھاوکاری شارەوانی ئاژەڵە مرداربوەکانمان گواستەوە بۆ دەرەوەی ناحیەکە و خستمانە ژێر خۆڵ”، سۆران خەلیل وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی ئەو ئاژەڵانەی توشبوون ئاژەڵی ھاوردەن، پێویستە خاوەن خانەکان کاتێک ئاژەڵ دەکڕن تا 21 رۆژ نابێت تێکەڵی ئاژەڵەکانیان بکەن، تائەوکاتەی دڵنیا دەبنەوە کە نەخۆش نین.
دڵنیایى دا کە ئەو نەخۆشیە ھیچ زیانێکی بۆ مرۆڤ نییە و ناگوازرێتەوە، تەنیا لەنێوان ئاژەڵەکان خۆیاندایە و زیانی مادی بە خاوەن خانەکان دەگەیەنێت.
روونیشى کردەوە، هەر ئەمڕۆ ھەموو خانەکانی مەیدانی ئاژەڵەکانیان تەعقیمکردوە، دڵنیایش دەدات بە ھاوڵاتیان ھیچ پەیوەندیەکی بە تای خوێن بەربونەوە نییە و لە سنووری گەرمیان ھیچ حاڵەتێکی ئەو نەخۆشیە تۆمارنەکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح