مەترسی وشکبوونی هەیە
بە رێژەی 80% ئاوی سەرچاوەی پڕۆژەی بێستانسوور کەمی کردووە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
بە رێژەیەکی بەرچاو ئاستی ئاوی سەرچاوەی گوندی بێستانسوور کەمی کردووە و مەترسی وشکبوونیشی هەیە، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی قەزای شارەزوور و هەردوو ناحیەی زەرایەن و عەربەت و ئاوارەکانی رۆژهەڵاتیش، لەو سەرچاوەیە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
رەمەزان عارف، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور بۆ964 وتی، ”سەرچاوەکە ئاوی شارەزوور، عەربەت، زەڕایەن و ئاوارەکانی رۆژهەڵات و هاوڵاتییانی گوندەکەش دابین دەکات، لەبێستانسوور دوو پڕۆژەی ئاو هەیە پڕۆژەی یەکەم ئاوی ناحیەی عەربەت، زەڕایەن و ئاوارەکانی رۆژهەڵات دابیندەکات، پڕۆژەی دووەم ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتییانی قەزای شارەزوور دابیندەکات.
وتیشی. ئاوی پڕۆژەی یەکەم بە رێژەی %80 کەمی کردووە، پڕۆژەی دووەمییش %40ـی ئاوەکەی کەمی کردووە، ساڵانی پێشوو لەمانگی هەشت بەم رێژەیە ئاوی پڕۆژەکە دادەبەزی، بەڵام ئێستا مانگی پێنجە و مەترسی وشکبوونیشی هەیە.
باسی لەوەش کرد، “لە دوای پڕۆژەی ئاوی دوکان، بێستانسور بە دووەم گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی لە رێگەی ئەم سەرچاوەیە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت، لەگەڵ قایمقامیەتی شارەزوور لیژنەیەک پێکدەهێنن، کە چاودێری هاوڵاتییان بکات بۆئەوەی ئاوبەفیڕۆ نەدەن”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر