شیاو نییە
لێکۆڵینەوە لە پاکى ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانە دەکرێت کە باوى چەمى تانجەڕۆ ئاودەدرێن
964+
بڕوا مەجید_ شارەزوور
لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامییەتى شارەزوور، لێکۆڵینەوە لەو زەوییە کشتوکاڵیانە دەکات کە بەروبوومەکانیان بە ئاوى چەمى تانجەرۆ ئاودەدرێن.
لەسەر ئەو زەویانە شووتى و پاقلە و بەرهەمى سەوزەوات داچێندراون
رزگار غەفور، قائیمقامی شارەزوور بە 964ـى وت،” ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەکانیان سەردانى بەشێک لەو زەویانەیان کردووە کە لەسەر چەمى تانجەڕۆ بەبەرهەمى کشتوکاڵى داچێندراون، چونکە گومان لە پاکى ئاوى چەمەکە هەیە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، لیژنەکان دەیانەوێت بگەن بەو راستییەى ئایا ئەو ئاوە شیاوە بۆ ئاودانى بەرهەمەکان یان نا، هەربۆیە لیژنەکان دەستبەجێ نوسراویان بۆ بەشى خۆپاراستنى تەندروستى و کشتوکاڵیى سلێمانى کردووە.
“نوسراوى لیژنەکە بۆ ئەوەیە تیمەکانى ئەوان سەردانى شوێنەکە بکەن و دڵنیاببنەوە لە خراپى و پیسى ئاوەکە و بەرهەمەکانیش”، قائیمقامى شارەزوور واى وت.
بەوتەى رزگار غەفور، ئەو زەویانەى لە نزیک چەمەکەن زۆرن، بۆیە دەبێت لیژنەى خۆپاراستن و کشتوکاڵى سلێمانى پشکنین بکەن و دڵنیا ببنەوە لەوەى ئاوەکە پیسە و بەکەڵى ئاودان نایەت.
جەختیشى کردەوە، ئەگەر دڵنیاببنەوە لەوەى ئاوەکە شیاونییە بۆ ئاودان، رێکاى یاسایى بەرامبەر خاوەن زەوییەکان دەگیرێتەبەر.
سنووری ئیداری قەزای شارەزوور لەباکورەوە لە گوندی قەرەگۆلەوە دەستپێدەکات، لەباشوریش تا گوند میرەدێ دەڕوات.
ئاوی چەمی تانجەرۆ، پێکهاتەیەکە لە پاشماوەی سەرجەم کارگەکان و هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و ناحیەی عەربەت و گوندەکان و کوشتارگەی نوێی سلێمانى، کە بە قەزاى شارەزووردا تێدەپەڕێت و بەشێک لە هاوڵاتیانیش زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بە ئاوى چەمەمە ئاودێر دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح