"لە بیابانەکانی سعودیە و سوریا و عێراق بارانی باش باریوە"

خۆڵبارینی ئەمساڵ لاواز و مامناوەند دەبێ و جێی مەترسی نییە

964+

شۆڕش قادری

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە کوردستان کردووە و هاوڵاتیان فریاناکەون ئۆتۆمبێلەکانیان بشۆن، خێرا خۆڵ دایدەپۆشێتەوە، بەڵام بە قسەی شارەزایەکی کەشناسی، شەپۆلی ئەمساڵ جێی مەترسی نییە، چونکە لە بیابانەکانی سعودیە و سوریا و عێراق بارانی پێویست باریوە.

سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، “هەرچەندە بەهۆی کەمبارانییەوە ئەمساڵ چەند شەپۆلێکی خۆڵبارینمان هەبووە و بەراورد بە پار کەمێک زیاترە، بەڵام وەک ئەو خۆڵبارینە نییە کە ساڵی 1999  و چوار پێنج ساڵی رابردوو روویان لە کوردستان کرد، چونکە لە بیابانەکانی سعودیە و باشووری سوریا و رۆژئاوای عێراق بارانی پێویست باریوە و خوڵی بیابانەکانی مراندووە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارێک کە پێشتر لە فەرمانگەی ژینگه‌ى هه‌ولێر وەرمانگرتووە،  لە شه‌ش‌ مانگى یه‌كه‌مى ساڵی 2024 زیاتر له‌ چوار هه‌زار و 800 تۆن خۆڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە.

زیاتر له‌ 4800 تۆن خۆڵ له‌ ئاسمانى هه‌ولێر باریوه‌

زیاتر له‌ 4800 تۆن خۆڵ له‌ ئاسمانى هه‌ولێر باریوه‌

  ئەمساڵ خۆڵبارینەکان لاواز و مامناوەند دەبن و جێگەی مەترسی نیین

سەبارەت بە کاریگەری خۆڵبارین لەسەر تەندروستی مرۆڤ، پەیوەندیمان بە د. هەرێم کەریم پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی و سنگ و بۆرییەکانی هەوا لە سلێمانی کرد، ئەو وتی، “خۆڵبارین راستەخۆ کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدانی

مرۆڤ دەبێت، چونکە ئێمە رۆژانە لە هەر خولەکێکدا 14 تا 18 جار وهەرجارێکیش نزیکەی نیو لیتر هەناسە هەڵدەمژین کە لەرێگای لوت و بۆرییەکانی هەوا فیلتەر دەکرێت و دواتر دەیدەینەوە دەرەوە، کوالێتی ئەو هەوایەش کاریگەری لەسەر بەشی سەرەوەی بۆری هەوا و بەشی خوارەوەی بۆری هەناسە دادەنێت”.

بەهۆی گەردەلول و خۆڵبارینەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا ...

بەهۆی گەردەلول و خۆڵبارینەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 41ـی دیکەش لە نەخۆشخانەن

زیاتر ئەو کەسانە تووشی کێشە دەکات کە رەبۆ و هەستیارییان هەیە

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆڵبارین زیاتر ئەو کەسانە تووشی کێشە دەکات کە نەخۆشییەکانی وەک رەبۆ و حەساسیەتیان لەگەڵە و کێشەی سیەکانیان هەیە، لەکاتی خۆڵبارین تووشی تەنگەنەفەسی دەبن.

د. هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەکاتی خۆڵبارین هاوڵاتیان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن و تا بۆیان دەکرێ نەچنەدەرەوە و ئەگەریش کاری پێویستیان هەبوو و چوونەدەرەوە، حەتمەن دەمامک بکاربهێنن، ئەو کەسانەشی کە نەخۆشییەکانی سنگ و بۆرییەکانی هەوایان هەیە، لەکاتی خۆڵبارین دەتوانن دەرمانەکانیان زیاد بکەن، ئەگەر هەر کێشەکەیان چارەسەر نەبوو، سەردانی نەخۆشخانە و پزیشکی پسپۆڕ بکەن.

شارەزایەكی كەشناسی بە دووری نازانێت خۆڵبارین هەرێمیش ...

شارەزایەكی كەشناسی بە دووری نازانێت خۆڵبارین هەرێمیش بگرێتەوە