شاری هەولێر کە هۆتێل دیڤان و ناوچەی ئیمپایەر دەرکەوتووە. فۆتۆ: 964+
بەڕێوەبەرەی ئاوی هەولێر بۆ 964
“ئەم هاوینە هەولێر بۆ ئاو لە پار باشتر دەبێت”
توانا نەقی
چەندین لێدوان و هەواڵ وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەم هاوینە هەولێر تەواو بێ ئاو دەبێت و هاوینێکی سەخت لە رووی بێ ئاوییەوە چاوەڕێ دەکرێت، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت، لە هەمو حاڵەتەکان لە پار باشتر دەبێت.
بەو پێیەی رێژەی بارانبارین ئەمساڵ و بەتاییبەت لە پارێزگای هەولێر کەمتر بووە ئەوە چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر مشووری نەخورێت کێشەی کەم ئاویش لە چەند شوێنێک دروست ببێت.
رابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە 964ـی وت، راستە ئەمساڵ بەهۆی بێ بارانییەوە جۆرێک لە وشکە ساڵییە، ئەو بیرانەشی کە قوڵاییان لە 400 مەتر کەمترە کێشەیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام بەسەر ئەوانەشەوە وەزعیان لە پار باشتر دەبێت.
وتیشی، پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار کە چارەسەری تەواوی بێ ئاوی دەکات و بڕیارە مانگی 12 تەواو ببێت، لە نێوان مانگی شەش و حەوت نیوەی تەواو دەبێت و ئەویش هاوکار دەبێت لەوەی کە دۆخی هەولێر لە رووی ئاوەوە باشتر بێت.
“دەتوانین بڵێن ئەمساڵ سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە ناو بازنەی 120 مەتری هیچ کێشەیەکیان نابێت، بەڵام هەندێک شوێنی وەک بەحرکە، شاوەیس و پیرزین پرۆژکەیان ناگاتێ و رەنگە کێشەی کەمئاوییان بۆ دروست بێت” رابەر حسێن وای وت.
لە شاری هەولێر هەزار و 240 بیری ئاو هەن و لە هەر کاتژمێرێکدا 11 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکەن.
پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار لە شاری هەولێر کە بە پرۆژەیەکی ستراتیژی دادەنرێت لە قۆناغی کارکردندان و 830 ملیۆن دۆلار تێچووەکەی دەبێت و بە تەواو بوونی کێشەی کەمئاوی هەولێر چارەسەر دەکات.