هه‌ولێر.. دوو فرۆشگا درانه دادگا

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا چه‌ندین شوێن و فرۆشگا، له‌هه‌ولێر سزادراون و به‌رپرسی به‌شی مۆڵه‌تیش ده‌ڵێت “دوو كه‌یسمان ره‌وانه‌ى دادگا كردوون، چونكه‌ له‌ رێگەی نایاساییه‌وه‌ شتومه‌كیان بۆ هاتووه‌ و فرۆشتوویانه‌”.

رێژیار محەمەد، به‌رپرسی به‌شی مۆڵه‌ت له‌ قایمقامییه‌تى ناوه‌ندى هه‌ولێر، به‌ تۆڕى 964ـى راگه‌یاند “لیژنه‌كانى چاودێری به‌رده‌وام سه‌ردان و چاودێریی بازاڕ ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ماوه‌ى سه‌رى ساڵه‌وه‌ تا ئێستا چه‌ندین شوێن سزادراون”.

به‌قسه‌ى ئەو به‌شێك له‌و شوێن و فرۆشگایانه‌ به‌هۆى گرانفرۆشییه‌وه‌ سزا دراون، “سزاى هه‌ندێكیان غەرامه‌كردن بووه‌ و به‌شێكیشیان داخراون”.

رێژیار محەمەد، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، له‌ میانەى به‌دواداچوون و سه‌ردانى لیژنه‌كانى چاودێریی بازاڕه‌وه‌، دوو شوێن به‌هۆى سه‌رپێچییه‌كانیانه‌وه‌ دراونه‌ته‌ دادگا.

وتیشی “ئه‌و دوو شوێنه‌ى دراونه‌ته‌ دادگا، له‌سه‌ر گرانكردنى نرخ نییه،‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كانى كشتوكاڵ و ته‌ندروستى، جگه‌ر و هێلكه‌یان فرۆشتووه‌، كه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ش  قه‌ده‌غه‌ كراون،  چونكه‌ له‌ رێگەی نایاساییەوە ده‌هێنرێنه‌ ناو هه‌رێم و ئه‌وانیش له‌ شوێنه‌كانیان ده‌یفرۆشن”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ كه‌یسانه‌‌ له‌ قایمقامییه‌ته‌وه‌ رێنمایی و رێكکارێكیان نییه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سزایان پێبده‌ن، بۆیه‌ وتى “ناچارین په‌ڕاویان بۆ بكه‌ینه‌وه‌ و وه‌ك كه‌یس له‌لایه‌ن قایمقامه‌وه‌ ره‌وانه‌ى دادگا ده‌كرێن”.

له‌باره‌ى بوونى ماده‌یه‌كی یاسایی دیاریكراویش بۆ سزادانیان ، وتى “ئه‌وه‌ لاى دادوه‌ره‌ و له ‌دادگا ئه‌و ماده‌ یاساییه‌یان بۆ دیاریی ده‌كرێت”.