مەترسى هەیە

لە پێنجوێن وشکەساڵی راگەیاندرا

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

هەرچەندە پێنجوێن بە سەبەتەى کشتوکاڵى هەرێم و عێراق ناسراوە و لە وەرزى هاوین بەروبوومى شوتى و تەماتە و بیبەرى سنوورەکە تەواوى بازاڕەکانى هەرێم و عێراق دادەپۆشێت، بەڵام وشکەساڵى و کەمى بارانبارین، بۆ ئەمساڵ مەترسى لەسەر بەرووبومەکان دروست دەکات.

ئەمساڵ تەنیا 546 ملیمەتر باران باریوە، ساڵى رابردوو تا ئەمکاتە 1236 ملیمەتر باریبوو

بەهادین حەسەن لێپرسراوی کەشناسی پێنجوێن بە 964ـى وت،”لە مێژووى دانانى کەشناسى لە پێنجوێن لە ساڵى 2002 بەدواوە تا ئەمساڵ، تەنیا 2008 و 2009 لە پێنجوێن وشکەساڵى هەبووە، ئەمساڵیش 546 ملیمەتر باریوە و وشکەساڵییە، چونکە لە پێنجوێن لە 750 ملیمەتر کەمتر ببارێت واتاى وشکەساڵییە”.

دەشڵێت، ئەو بارانەى ئەمساڵ باریوە بەرادەیەکى پێویست نییە.

داواش دەکات، ئەو جوتیارانەى بۆ ئاودانى بەروبومەکانیان پشت بە ئاوى چەم و کارێزەکان دەبەستن دەبێت ئاگاداربن، چونکە ئەگەرى وشککردنى هەیە.

پێنجوێن شارێکی باشووری کوردستانە کە خاوەنی مێژوویەکی کۆن و سرووشتێک دەوڵەمەندە، دەکەوێتە ئەوپەڕى باکورى خۆرهەڵاتى سلێمانى و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان، زستانى سارد و باراناوییە و یەکێکە لە ساردترین ناوچەکانى هەرێم، خاوەنى زەوییەکى بەرفراوانە و دانیشتوانى سنوورەکە زۆربەیان سەرقاڵى کشتوکاڵن بەتایبەت لە وەرزى هاویندا.

پێداچوونەوە : وریا فەتاح

ئەندازیارێکی کشتوکاڵی هۆشداری بە جوتیارانی پێنجوێن دە...

ئەندازیارێکی کشتوکاڵی هۆشداری بە جوتیارانی پێنجوێن دەدات دوای بارانبارین