بەهۆی پاڵپشتی نەکردنییەوە

گەلەری جەلال عازەبانی لە هەڵەبجە داخرا

ژێوار خدر

گەلەری جەلال عازەبانی لەلایەن خاوەنەکەیەوە دوای پێنج ساڵ لە کردنەوەی ئەمڕۆ لە جەژنی کرێکاران داخرا و خاوەنەکەی دەڵێت، “هیچ کەسێک نەبووە پاڵپشتی داراییم بکات”

ئارام شەمێرانی، چالاکوانێکی شاری هەڵەبجەیە و خاوەنی گەلەرییەکە بە 964ـی وت، ماوەی پێنج ساڵە بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلێکی خۆم گەلەرییەکەم کردووەتەوە، بەهۆی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندم هەبوو، لەم ماوەیەشدا 97 چالاکی رۆشنبیری لەم گەلەرییەدا کراوە، چەندین ڤیدیۆ و فۆتۆ لە گەلەرییەکدا کۆکراونەتەوە و ئامانجیش لە کردنەوەی ئەم گەلەرییە بۆ پاراستنی ئەرشیفی شاری هەڵەبجە بووە.

وتیشی، لەو کاتەوەی گەلەرییەکە کراوەتەوە، لەلایەن شارەوانی هەڵەبجەوە چەندین جار بەڵێنم پێدراوە سەبارەت بە دابینکردنی زەوی یان دروستکردنی بینا بۆ گەلەرییەکە، بەڵام هیچ کام لە بەڵێنەکانیان نەبردە سەر، وە بەهۆی ئەوەی من تەنیا خۆم هەموو کارەکانی گەلەرییەکەم کردووە و دابینکردنی کرێکەش ماوەی دوو سالە لەسەر خۆم بووە، لەبەر هەموو ئەو بەڵێنانی پێمدراوە و نەبرانە سەر بڕیارمدا ئەمڕۆ لە جەژنی کرێکاراندا گەلەرییەکە دابخەم.

باسی لەوەشکرد، لە سەرەتاوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەلایەن دوو کەسایەتیی شاری هەڵەبجەوە کرێی شوێنەکە دراوە، بەڵام ئێستا هەمووی لەسەر خۆیەتی و لە داهاتووشدا ئەگەر گونجا نیازی وایە دووبارە گەلەرییەکە بکاتەوە.