"لە پەنجەرەی توالێتەوە هەڵاتووە"

زیندانییەکی چاکسازی گەورانی دهۆک لە نەخۆشخانە هەڵات

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

زیندانییەکی چاکسازی گەورانی دهۆک کە بە تاوانی کوشتن دەستگیر کرابوو، لە نەخۆشخانەی ئازادی شارەکە هەڵات.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.4.30 زیندانییەک لە چاكسازی گەورانی  زرکا لە دهۆك بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی براوەتە نەخۆشخانەی ئازادی، لەوێ بەفێڵی چوونە توالێت، هەڵاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.

د. سەگڤان سولەیمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ زیندانییەکی چاکسازی زرکا کە نەخۆش بووە، لەگەڵ چەند پۆلیسێک هاتوونەتە نەخۆشخانەکەمان، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی”.

وتیشی، دوای ئەوەی لەلایەن پزیشکەکانەوە پشکنین بۆ زیندانییەکە کراوە، لەگەڵ پۆلیسەکان قسەی کردووە و  رویشتووە بۆ توالێت و لە پەنجەرەی تەوالێتەکەوە هەڵاتووە.

لەوبارەیەشەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، “زیندانییەکە بە تاوانی کوشتنی کچێک دەستگیر کراوە و سزای هەتاهەتایی هەبووە، کوردە و دانیشتووی قەزای شێخانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیندانییە نزیکەی مانگێک دەبێت بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی دەبرێتە نەخۆشخانە، لەئێستاشدا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

هەفتەی رابردووش لە سلێمانی، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر کە بە مۆڵەت لە ماڵەوە بوو و بەسەردان چووبووەوە لای خێزانەکەی لە قەڵادزێ، نەگەڕایەوە چاکسازی گەورانی سلێمانی و هەڵات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر کە بە مۆڵەت لەماڵە...

لە سلێمانی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر کە بە مۆڵەت لەماڵەوە بوو هەڵات

ژنێک لە گرتوخانەی چاکسازی دهۆک گیانی لەدەستدا

ژنێک لە گرتوخانەی چاکسازی دهۆک گیانی لەدەستدا