کەمپێکی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک - وێنە: 964
کۆمیسیار دەڵێ، کێشەیان هەیە
سورییەکان دەگەڕێنەوە؛ لە سێ مانگدا 12 هەزار کەس
964+
ئەحمەد مستەفا
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو داتایەی ئاشکراکرد، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 12 هەزار پەنابەری سوری لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ئەوە لە حاڵێکدا، ئەگەر تەرخانی دارایی پێویست دابین نەکرێت، رەنگە پلانی گەڕانەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و ئاوارەی سوری، بۆ ساڵی 2025 سەرنەگرێت، چونکە لە کۆی 575 ملیۆن دۆلار لە بودجەی دەستنیشاکراو، تەنیا 71 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە.
کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەربارەی دۆخی ئاوار و پەنابەرانی سووری رایگەیاندووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 12 هەزار پەنابەری سوری، لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەردوو دەروازەی پێشابوورو قایمەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
کۆمسیارەکە دەڵێ، خەرج نەکردنی گوژمەی هاریکاری پێویست بەربەستی دروستکردووە، بەو پێیەی زیاتر لە 16 ملیۆن کەس لەناوخۆی سوریا کە 90 %ـی رێژەی تێکڕای دانیشتووان پێک دەهێنن و حەوت ملیۆن و 400 هەزاریان ئاوارەی ناوخۆیین، پێویستیان بە هاریکاری مرۆیی هەیە.
لە ساڵی 2011ـەوە بەهۆی شەڕ و ململانێ ناوخۆییەکانی سووریاوە سەدان هەزار کەس لە هاوڵاتییانی سوریا ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکە بوون، لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 264 هەزار هاوڵاتی سوری لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵێکدا لە کەمپ و کۆمەڵگەکان نیشتەجێ کران.