زانکۆى سۆران
تەنەکە خۆڵێکی زیرەک خۆی پاشماوەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە
ئاکام غەفور- سۆران
ژمارەیەک خوێندکارى زانکۆى سۆران، تەنەکەى خۆڵى زیرەکیان دروستکردووە کە تەنەکەکە مادەکانى ناوى لەیەکترى جیادەکاتەوە و رێگەنادات تێکەڵى یەکترى ببن.
تەنەکەى خۆڵى زیرەک، داهێنانێکە دەتوانێت هاوکارى خانمان و هەموو ماڵێک بکات بۆ جیاکردنەوەى ئەو پاشماوانەى رۆژانە بەکارى دەهێنن.
فەهدی رزگار یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکارى دیکەى هاوڕێى بیرۆکەکەیان داهێناوە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”بەم پرۆژەیە کێشەی تێکەڵبوونی پاشماوەی خواردن و ماددەی پلاستیکی و شوشە و ئاسن چارەسەر دەبێت”.
وەک باسى دەکات ئەم تەنەکە خۆڵە، لە سێ بەش پێکهاتووە، پلاستیک و شوشە و مادە شێدارکەرەکان بەجیا دەخاتە هەر بەشێکەوە و ناهێڵێت تێکەڵى یەکترى ببن.
ئاشکراى دەکەن کە پڕۆژەکەیان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ کارگەی ریسایکلین، چونکە پێویستی بە کارمەند نابێت بۆ جیاکردنەوەی ماددەکان.
رۆژین مەسعود، یەکێکی ترە لە هاوبەشانى پڕۆژەکە و بۆ 964 وتى،” پڕژەکەمان وەک نمونەیەک نمایش کردوە، بەڵام دەتوانین پەرەی پێ بدەین و لە تەواوی کوردستان سودی لێ ببینرێت”.
ئەم داهێنانە ئەمڕۆ سێشەممە، لە 11مین کۆنفڕانسی خوێندکارانى زانکۆی سۆران، نمایشکرا و بووە جێگەى سەرنجى بەشداربووان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح