سەوزە و میوەیان پێیە
بارهەڵگرەکان رێگای کەلار- خانەقینیان داخست
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
ئەم بەیانییە دەیان شۆفێری بارهەڵگر لە نزیک بازگەی باوە مەحمود، شەقامی سەرەکی کەلار – خانەقینیان بۆ ماوی چەند کاتژمێرێک داخست و جوڵەیان لە شادەماری هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بڕی.
محەمەد نەجم، شۆفێرێکی بارهەڵگرە بە 964ی وت، “مانگێک زیادە ئەم کێشەیە هەیە و بارهەڵگر ناتوانێت لەم بازگەیەوە تێپەڕبێت، هیچ بیانویەکیش نییە و بارەکانمان تەنها سەوزە و میوەیە و لە کوردستانەوە دەیهێنین بۆ خانەقین و خواروی عێراق کەچی رێمان لێ دەگیرێت.”
وتیشی، کە رێ لە جوڵەی ئەم بارهەڵگرانە گیراوە و نانی شۆفێران بڕاوە و ئاوابێت لە برسا دەمرن.
هەرچەندە کاری ئەو شۆفێرانە گواستنەوەی بارەکەیە لە ناو وڵات بەڵام نە حکومەتی هەرێم دێتە سەرخەت وچارەیەک دەدۆزێتەوە و نە حکومەتی بەغدا کارئاسانی دەکات.
شۆفێران چەندین جارە رێگاکە دادەخەن و لایەنی پەیوەندیدار هیچ رونکردنەوەیەک نادات و لەم گۆڕەشدا چاوەڕێی هاوڵاتیان لەم رێگایە رۆژانە چەندین کاتژمێر دەخایەنێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش