خەڵک بەدوایدا دەگەڕێن
منداڵێک لە نزیک رووباری عوزێم دیار نەماوە و قسە هەیە خنکابێ
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە و پێش خۆرئاوابوون، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان لەسەر رووباری عوزێم لە باشوری رۆژئاوای سەڵاحەدین لە پڕ دیار نامێنێ و گومان دەکرێ خنکا بێت، تائامادەکردنی ئەم هەواڵە نە سۆراغی هەیە و نە تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
خەڵکی ناوچەکە بەدوای چارەنووسی یان تەرمەکەیدا دەگەڕێن و تیمی مەلەوانیش لە رێگەن بۆ ناوچەکە.
حەمزە عوبەیدی، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی بەلەد بە964ـی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک مێردمنداڵ رۆیشتوونەتە سەر رووباری عوزێم و لە کاتی مەلەکردندا یەکێک لە منداڵەکان لەپڕ دیار نەماوە و پاش ماوەیەک لە گەڕان و بەدواداچوون بێ سۆراغ بووە.
دواتر، خەڵکی ناوچەکەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە و بە شێوەی کۆمەڵ گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی تەرم یان چارەنووسی دەستپێکردووە، بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێکی نییە.
منداڵەکە ناوی “محەمەد نازم”ە و تەمەنی 10 ساڵانە و خوێندکاری پۆلی چوارەمی سەرەتاییە و دانیشووی پارێزگاکەیە.
بو گوێرەی سۆراغی 964، رۆژانە بۆ مەلەکردن سەردانی ئەو رووبارەی کردووە لەگەڵ هاوڕێکانی، چەند دەنگۆیەک هەن باس لەوە دەکەن ئەمڕۆ منداڵە چووەتە قوڵایی رووبارەکە و نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات.
ئێستا دوو تیمی مەلەوان لە سەڵاحەدینەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون بۆ بەدواداچون و دۆزینەوەی تەرم یان سۆراغی منداڵەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا