زیاتر لە 50 خاوەنکار بەشدار دەبن

لە سلێمانی پێشانگایەک بۆ دەستخستنی هەلی کار دەکرێتەوە

964+

ژووری هەواڵ

بڕیارە سەرەتاى مانگى داهاتوو، لە شارى سلێمانى پێشانگەى هەلى کار بکرێتەوە، کە تیایدا چەندین خاوەنکار بەشدارى دەکەن و هەلى کارەکانیان بۆ کارخوازان دەخەنە روو.

بەڕێوەبەرایەتی راهێنانی پیشەیی سلێمانی رایگەیاند، بە هەماهەنگى لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و رێکخراوى کارى نێودەوڵەتى و زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، رۆژى 4.5.2025 کاتژمێر 10:00ـی بەیانى تا 5:00ـی ئێوارە لە شارى سلێمانى، شەقامى سالم، کارگەى کولتوور، دووەمین پێشانگاى هەلى کار لە کوردستان دەکرێتەوە.

لەم پێشانگەیەدا زیاتر لە 50 خاوەنکار و 1000 قوتابیی دەرچووى زانکۆ و کارخواز بەشدار دەبن و بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى لە پلاتفۆڕمى هەلى کار، ئەو پێویستییانە دەخرێنە روو کە خاوەنکارەکان تیایدا پێویستییان بە دەستى کارە.

بەڕێوەبەرایەتیەکە دەڵێت، “بەشداریکردن لەم پێشانگەیە بۆ هەمووانە، بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن پەیوەندى بە ژمارەکانى هێڵی هۆشیارى کرێکاران بکەن و سەردانى پلاتفۆڕمى هەلى کار بکەن بۆ دروستکردنى هەژمارى تایبەت بە خۆتان.”

یەکەمین پێشانگەى هەلى کار لە 10.11.2024 لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا “پلاتفۆڕمى هەلى کار” کارا کرا و لەوکاتەوە کارخوازان و خاوەنکارەکان هەژمارى تایبەت بە خۆیان لە پلاتفۆڕمەکەدا دروست دەکەن بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ بێکاران و گەیشتن بە دەستى کار بۆ خاوەنکارەکان.

2025؛ بۆ هەرێمى کوردستان ساڵى هاتنى گەشتیارانە

2025؛ بۆ هەرێمى کوردستان ساڵى هاتنى گەشتیارانە