جوتیارانی شارەزوور دەستیان لەچاندنی گەنم هەڵگرتوە
بۆئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی دروست نەبێت
کشتوکاڵی راپەڕین چەند رێنماییەکی بۆ جوتیاران بڵاوکردەوە
964+
ژێوار خدر
کشتوکاڵی راپەڕین بەهۆی کەم بارانی و وشکەساڵییەوە لە ئێستاوە ئاگاداری جوتیارانی بیتوێن و پشدەر دەکاتەوە و چەند رێنماییەک بۆ جوتیاران بڵاودەکاتەوە.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین بە 964ـی وت، ئەمساڵ بەگشتی لە هەرێمی کوردستان رێژەی باران بارین زۆر کەم بووە و وشکەساڵییەکی قورس و ناڕەحەت چاوەڕێی جوتیارەکانمان دەکات، ئێمەش لەپێناو رێگری کردن لە درووستبوونی کێشە و گیروگرفتی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆمانەوە چەند رێنماییەکمان بڵاو کردووەتەوە، کە پێویستە جوتیاران پابەندی بن.
وتیشی، ئەمساڵ رێژەی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەویش بەهۆی وشکەساڵییەوە زۆر کەمی کردووە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، تا ئێستا بەرزترین رێژەی باران بارین 311 ملیم و نزمترینیش 227 ملیمە، لە کاتێدا ساڵی پار تا ئەم کاتانە، رێژەکە 800 ملیم بووە لە هەندێک ناوچەی دیارکراو کە ئەمەش چوار بەرابەری ئەمساڵە.
رێنماییەکانی کشتوکاڵی راپەڕین بۆ جوتیاران ئەمانەن:
1. پێویستە جوتیاران داچاندن کەم بکەنەوە بەتایبەت برنج.
2. پەرێزەکان دانەچێنن بە بەروبومی هاوینە.
3. ئەو حەوزی ماسییانەی بەتاڵ بوون ئاویان تێنەکرێتەوە.
4. لەگەڵ میراوەکان هاوکار و هەماهەنگ بن.