بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون

وەزارەتی تەندروستی هەرێم نۆ رێنمایی پێویستی دەرکرد

964+

محەمەد فاتیح

دوای زیادبوونی حاڵەتەكانی توشبوون و گیان لە دەستدان لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان نۆ رێنمایی زانستیی بڵاوكردەوە بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشییه.

بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون وەزارەتی تەندروستی داوا دەكات سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتی دەکات و دەبێت لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتەكە نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن، هەروەها بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ کەلاش مەکەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچە پارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.

لە رێنماییەكاندا هاتووە لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت، لەگەڵ بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچە پارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

وەزارەتی تەندروستی پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت بە پێویست دەزانێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە و باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 – پلەى سەدى) هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

لە دوا رێنمایی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان هاتووە ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.

ماوەیەكە تای خوێنبەربوون لە عێراق بڵاوبۆتەوە و بەپێی دواین ئامار 22 كەس توشبوون كە سیانیان گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتیەكی دیكە بە هۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا

هاوڵاتیەكی دیكە بە هۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا