رادیۆی زانکۆی سەڵاحەدین دەکەوێتەوە ئیش بەس بەگوێرەی کارەبا

+964
فەهمی نەبی

زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر دەڵێت، سبەینێ دووشەممە، لە رۆژی جیهانی رادیۆ، دوای 11 ساڵ لە وەستانی، رادیۆکەیان دەست بە پەخش دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر کارەبا نەبێت دەوەستێت.

سامان عەبدوڵا، وتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند “رادیۆکە پەخشی بۆ هەموو سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبێت و زمانحاڵی هەموو زانکۆکەیە”.

لەبارەی کاتژمێرەکانی پەخشی رادیۆکە، ئەو دەڵێت “تاوەکو کارەبا هەبێت پەخشەکەی بەردەوام دەبێت، لەوانەیە بەهۆی پچڕانی کارەبا رۆژانە دوو سەعاتێک پەخشەکەی بوەستێت”.

رادیۆی زانکۆی سەڵاحەدین، وا بڕیارە بەخۆبەخشی کارەکانی بەڕێوەبچێت، لەسەر ئەرکی دەزگای روانگە نۆژەنکراوەتەوە.

ئازاد عەبدولعەزیز، سەرۆکی بەشی راگەیاندنی کۆلیژی ئادابی زانکۆکە باس لەوەدەکات، دوای ئەو هەنگاوە، هەنگاوەکانی کردنەوەی تەلەفزیۆنێک تەواو بووە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی 13ی شوباتی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی رادیۆ دەستنیشانکردووە.