پسوولەی خۆراک دەکرێتە کارتی ئەلیکترۆنی

رەمەزانی ئەمساڵ سەبەتە خۆراکێکی تایبەت وەرگرە

+964

فەرمان سادق

بۆ وەستاندنی بەهەدەردانی پارە، پسوولەی خۆراک دەکرێتە کارتی ئەلیکترۆنی، لە رەمەزانی ئەمساڵیشدا سەبەتە خۆراکێکی تایبەت بەسەر هاوڵاتییان دابەشدەکرێت کە هەژار و کەمدەرامەتەکانیش دەگرێتەوە.

پڕۆژەی کارتی ئەلیکترۆنی دوو ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، لەئێستادا لە پارێزگاکانی نەجەف و دهۆک و کەربەلا وەک تاقیکردنەوە لەهەندێک ناوەنددا دەستیپێکردووە.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق، داوای بەپەلە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12.2.2023، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە بەشێک لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە بێت، بۆ مانگی رەمەزانی ئەمساڵ هەموو هاوبەشانی پسوولەی خۆراک سەبەتە خۆراکێکی تایبەت وەردەگرن، لەمەشدا بەجیاواز ئەوانەی بەپێوەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقی لەژێر هێڵی هەژاریدان، سەبەتەیەکی دیکەی تایبەت وەردەگرن.

سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی964ـی وت، هێشتا پڕۆسەکە لەژێر تاقیکردنەوە دایە.

“هێندەی زانیاریم هەبێت، ئەوانەی لەوەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناویان وەک هەژار و کەمدەرامەت تۆمار کراوە، ئەوانیش ناوەکانیان لەلای وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، لەلای وەزارەتی بازرگانی عێراقیش هەیە، بۆیە سەبەتە خۆراکەکە ئەوانەی هەرێمیش دەگرێتەوە”.

پڕۆژەکە زیاتر لەسێ ساڵە ئیشی تێدا دەکرێت، وەزارەتی بازرگانی عێراق بەهاوکاری رێكخراوی دەبلیو ئێف ئۆ و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی سەرقاڵی دروستکردنی کارتەکەن.

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بەڕێنمایی سەرۆكی حكومەت كراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە بۆ دابینكردنی كەلوپەلی بەشە خۆراك لەمانگی رەمەزاندا بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و خەڵكە هەژارەكان كە دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە.

سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێ: سوودی ئەو کارتە ئەوەیە کاروبارەکان خێراتر دەکات، دەتوانی لەماڵەوە مامەڵەکانت ئەنجامبدەی، بەڵام یەک مەترسی لەسەر هەیە ئەویش پرسی هاک کردنیەتی.

لەئاستی پارێزگای هەلێر 484 هەزار و 917 خێزانن کە دەکاتە یەک ملیۆن و 942 هەزار و 279 کەس، هەروەها سێ هەزار و 465 منداڵیش لە تۆماردا هەن کە بێسەرپەرشتن، بەوپێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لەنێو پسوولەی خۆراک تۆمارن دەگاتە ملیۆنێک و 945 هەزار و 744 کەس.

یەکێک لەئامانجەکانی ئەو کارتە رێگریکردنە لەناوی دووبارە و مردووەکان، هەروەها ئاشکراکردنیان.

سیامەند قادر نانەکەلی دەڵێ، بەشێوەی مانگانە لیستی ناوەکان لەناوی دووبارە و مردوو پاک دەکەینەوە، دەتوانم بڵێم “توەکو 90٪ـی تۆماری پارێزگای هەولێر پاککراوەتەوە لەناوی دووبارە و مردووەکان”.