"زێڕنگەرەکەش دزی لە دزەکان کردووە"
دوو دز و زێڕنگەرێک لە کەلار دەستگیر کران
میلاد جەلال – گەرمیان
لە کەلار دوو دز بەهار و رۆژی هەینیان بەهەل زانی و کاتێک هاوڵاتیان لە گەشت و سەیران بوون و گۆشتیان دەبرژاند، چوونە ناو ماڵێکەوە و 22 مسقاڵ زێڕیان دزی، لە کاتی فرۆشتنی زێڕەکە، کابرای زێڕنگەریش دوو دزەکەی بەگێل زانی و فێڵی لێکردن، پۆلیس پێیزانی و هەرسێکیانی قۆڵبەست کرد.
رائید بڕوا جەلال لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، هەینی رابردوو دوو کەس چوونەتە ناو ماڵێک لە گەڕەکی ئاوارەکانی قەزای کەلار و 22 مسقاڵ زێڕیان دزیوە، دواتر خاوەن ماڵەکە سکاڵای تۆمار کردووە و رۆژی یەکشەممە توانیویانە دزەکان دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دوو دزە سەرەتا چوونەتە جەلەولا بۆ ساغکردنەوەی زێڕەکان، بەڵام چونکە وەسڵی کڕینی زێڕەکەیان پێ نەبووە، نەیانتوانیوە بیفرۆشن و گەڕاونەتەوە کەلار.
وتیشی، دزەکان کوردن و لە شەودا زێڕەکەیان فرۆشتووە بەو زێڕنگەرە و زێڕەنگەرەکەش فێڵی لەو دوو دزە کردووە و 22 مسقاڵەکەی بە 13 مسقاڵ لێکڕیون، ئێستاش هەر سێ کەسەکە دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری