کارەبای وەرتێ چاوشارکێ دەکات

+964
ئاسۆ وەرتێ
لەم کاتی سەرماوسۆڵەیەدا، لە ناحیەی وەرتێ کە یەکێکە لە ساردترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کارەبای نیشتیمانی چاوشارکێ دەکات لەگەڵ خەڵکیدا، سەعاتێک هەیە و هەشت نییە.
لەوبارەیەوە، سەلیم قادر، هاوڵاتی گوندی سەرنەوس لە ناحیەی وەرتێ بە تۆڕی 964ی وت، بە شەو کارەبا نیشتیمانییان دەبڕێت و کارەبای مۆلیدەشیان نییە.
هەروەها وتی “لە راستیدا، کارەبای سنوری ناحیەکەمان لەوپەڕی خراپیدایە، داواکارین لە حکومەت هەر نەبێت شەوان کارەبامان هەبێت و بۆمان دابینبکات”.
هاوکات، باخەوان حەسەن دانیشتوی ناحیەی وەرتێ بۆ تۆڕی 964ی باسکرد “کارەبامان زۆر خراپە، داواکارین لانیکەم بە شەو کارەبای نیشتیمانیمان لێ نەبڕن، بە رۆژ قەینا”.
فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی کارەبا، هۆکاری بڕینی کارەبای نیشتیمانی بە شەودا دەگەرێننەوە بۆ زۆری لۆد.
سەبارەت بەوە، وەفا سەیدخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئیدارەی سۆران بە تۆڕی 964ی وت “کێشەی کارەبا کێشەیەکی گشتییە، لە هەموو هەرێمی کوردستان کێشەی کارەبامان هەیە، گوندنشینان کێشەی کەمی ڤۆڵتیەیان هەیە بۆیە ناچارین شەوانە کارەبایان ببڕین، چونکە لۆد دەکەوێتە سەر وێستگەکانمان”.
بە قسەی ئەو، مۆڵەتی 10 رۆژیان داوە بە کۆمپانیای جێبەجێکاری وێستگەی نوێی کارەبای “دێڵز”، دوای ئەوە دەتوانن کێشەی ڤۆڵتیەی کارەبای گوندەکان کەمێک باشبکەن.
تۆڕی 964 دەزانێت، لە تەواوی ئیدارەی سۆران 130 مێگاوات کارەبای نیشتیمانی هەیە، لەکاتێکدا پێویستی بە سەرو 300 مێگاوات هەیە.
پێداچوونەوەی هێمن بەکر