سەرۆكی حكومەتی هەرێم
“پابەندین بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی كاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند، حكومەتی هەرێم پابەندە بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی كاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی، هەروەها دەڵێت، “هیوادارم رۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن”.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لە یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە، كە دەقەكەی بەم شێوەیەیە:
لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی و دوور لە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر، پەیام و کاری ڕاگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن.
هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست بگێڕن و هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان.ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز بێت و ئومێدی پێشکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەخوازم.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/4/22