لە سلێمانی

دایەنگەیەک بەباشی چاودێری منداڵانی نەکردووە و داخرا

ژووری هەواڵ

بەهۆی‌ “کەمتەرخەمی لە گرنگیپێدان و چاودێریکردنی منداڵان”، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی مۆڵەتی کارکردنی لە دایەنگەیەک سەندەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 21.4.2025، هێمن محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ لیژنەی‌ سەرپەرشتی‌ و بەدواداچوونی‌ دایەنگەکان و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەردانی دایەنگەیەکیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە کەمتەرخەمە لە گرنگیپێدان و چاودێری کردنی منداڵان.

بەگوێرەی بڕکی یەک لە مادەی 14ـی رێنمایی دایەنگەکان، ژمارە یەکی ساڵی 2015 مۆڵەت لە دایەنگەکە سەندراوەتەوە.

دایەنگەکە لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەدی شاری سلێمانیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی داوا لە دایک و باوکی‌ منداڵانی‌ ئەو دایەنگەیە دەکات، “منداڵەکانیان بگوازنەوە بۆ دایەنگەیەکی‌ تر، چونکە ئەو دایەنگەیە مافی‌ کارکردنی‌ نابێت لە بەرواری‌ دەرچوونی‌ ئەو فەرمانەوە”.