ئاسایش رایگەیاند

زێڕی ساختەی هێنابووە هەولێر و دەستگیر كرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای كرد، تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردووە،  كە بڕێك زێڕی ساختەی لە بازاڕەكانی هەولێر ساغكردووەتەوە.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا و لە ڤیدیۆیەكدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 20.4.2025 ئەوەی خستەڕوو، دوای ئەوەی لە لایەن چەند شوێنکارێکی زێڕنگری لە شاری هەولێر ئاگادار کرانەوە، کە کەسێک لە چەند دوکانێکی زێڕنگری هەڵساوە بە فرۆشتن و ساغکردنەوەی چەند پارچە زێڕێکی ساختە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانیانەوە، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکەیان دەستنیشان کرد.

ئاسایشی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبارەكە بە ناوی (ر، أ، ر) کە خەڵکی وڵاتی سوریایە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا.

“داوا دەکەین هەر کەسێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەكە هەیە، سەردانی بەڕێوەبەڕایەتییەکەمان بکات، سوپاسی هاوڵاتیان دەکەین کە هەمیشە هاوکارمانن لە پێدانی زانیاری”، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر وادەڵێت.