دوکەڵەکەى دێتەوە ناو نەخۆشخانە
سوتاندنى کەلوپەلە پزیشکییەکانى نەخۆشخانەى قەڵادزێ ناڕەزایەتى لێدەکەوێتەوە
964+
محەمەد عەلى- قەڵادزێ
نەخۆشخانەى فێرکارى قەڵادزێ هەر چەند مەترێک لە نزیک بیناى نەخۆشخانەکە، ئەو کەلوپەل و دەرمانانەى بەکاریهێناون دەیانسوتێنێت، ئەوەش ناڕەزایەتى هاوڵاتیانى لێ کەوتووە و دەڵێن: دووکەڵ و بۆنەکەى دێتەوە ناو قاوشى نەخۆشخانەکە.
محەمەد ئەحمەد کە دانیشتویەکى قەزاکەیە، ئەمڕۆ یەکشەممە 20.4.2025، بە 964ـى وت،”لە نەخۆشخانەى قەڵادزێم، دووکەڵ و بۆنى ناخۆشى سووتاندنى کەلوپەلى بەکارهاتووى نەخۆشخانەکە دێتەوە ناو هۆڵەکانى نەخۆشخانە”.
وەک باسى دەکات، ئەو کورەیەى کەلوپەلەکانى تێدا دەسوتێندرێت، تەنیا 50 مەترێک لە بیناى نەخۆشخانەکە دوورە، بۆیە هەرچى دوکەڵ و بۆنى سووتانەکەیە دێتەوە ناو نەخۆشخانەکە.
964 ئەو کێشەیەى بردە لاى ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فێرکارى قەڵادزێ، ئەویش بەم شێوەیە قسەى بۆ 964 کرد،” ئێمە لە هەفتەیەکدا نزیکی بە هەشت کاتژمێر کەلوپەلەکانمان دەسوتێنین لەناو کورەکەدا و زۆر بەکاری ناهێنین، بەڵام هەرکات لە رۆژهەڵاتەوە با هەڵبکات و کورەکە کار بکات، بەشێکى دووکەڵەکەى دێتەوە ناو نەخۆشخانەکە”.
ئەو پێى وایە ئەوە زۆر بە کەمى روودەدات و بە حاڵەت ناوى دەبات.
لەبارەى ئەو بۆن و دوکەڵەى کە ئەمڕۆ بەهۆى سووتانى کەلوپەلەکانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو هۆڵى نەخۆشخانە، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە وتى،”بەشێکى کەم بوو، بەڵام ئەگەر زۆر بێت و دووبارە ببێتەوە دەبێت چارەسەرێکى بۆ بدۆزینەوە”.
ئاشکراشى کرد، هەفتەى نزیکەى 50 کیلۆ گران مادەى نایلۆن و پەڕۆ و کاغەز کە پاشماوەى بەکارهاتووى نەخۆشخانەکەن، لە کورەدا دەسووتێنن، بەڵان ئەو دەرمانانەى کیمیاین، لە ئامێرى تایبەتدا دەیانتوێننەوە و بەشێوەیەکى تەندروست لەناو دەبرێن.
نەخۆشخانەى فێرکارى شەهیدانى قەڵادزێ، دەکەوێتە دەروازەى شارى قەڵادزێ و رۆژانە ژمارەیەکى زۆرى نەخۆش و سەردانیکەر لە قەڵادزێ و سنوورى پشدەر، سەردانى دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح