هەر چەند دارێک بەتیپ و پەت بەستراون و گیراون
خوێندکارانی پەروەردەی شارەزوور سبەی ئاهەنگی دەرچوونیانە؛ لەمڕۆوە شوێنیان گرتووە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
سبەی خوێندکارانی قۆناغی چواری کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور ئاهەنگی دەرچوونیان بۆ ساز دەکرێت، خانەوادەکانیان لەمڕۆوە لەخەمی جێگەدان بۆیان و هەر کەسەو لە گۆشەیەکی پارکی نالی، شوێنێکی بۆخۆی گرتووە.
کۆلێژەکە بەشی زمانی کوردی و باخچەی منداڵان و گەشەپێدانی مرۆیی و پەروەردەی تایبەتی هەیە، جگە لە بەشی پەروەردەی تایبەت، سبەینێ خوێندکارانی قۆناغی چواری سەرجەم بەشەکانی تر ئاهەنگی دەرچوونیان هەیە، هەر لە ئێستاوە هەر کەسەو بەتیپ و پەت شوێنێکی لە پارکی نالی بۆ خۆی گرتووە و ئەگەر ئەم ئێوارە بچیتە ناو پارکەکە، دەبێت بە حەزەرەوە بچیت.
سۆران رەزا، باوکی یەکێک لە خوێندکارەکان لەناو پارکی نالی کە دیاربوو ماوەیەکی زۆر بۆ شوێن گەڕابوو، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “سبەینێ کچەکەم لە قۆناغی چوار، ئاهەنگی دەرچوونی هەیە، زۆر دڵخۆشم بە تەواوکردنی خوێندنەکەی، بۆیە هاتووم شوێنێکی گونجاو و باش و سێبەری بۆ بگرم”.
نەشی شاردەوە کە زۆر هیلاک بووە تا شوێنێکی دۆزیوەتەوە، بەڵام پێشی رازی نییە و دەڵێت، شوێنەکە زۆر سێبەر نییە و خۆر لێی دەدات.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری