بەشداری لە كۆڕبەندی ئابوری دەكات
بۆچی مەسرور بارزانی لە ئیماراتە؟
+964
كوردستان ئەحمەد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ئیماراتە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی “لوتکەی حکومەتەکانی جیهان” بڕیارە پانێڵی تایبەت بە دۆخی ئابووری کوردستان هەبێت.
سبەینێ دووشەممە، 13-2-2023، لە ئیماڕات کۆڕبەندی ئابووری “لوتکەی حکومەتەکانی جیهان” بەڕێوەدەچێت، تاوەکو 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.
بەر لەو لوتکەیە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆکی ئیمارات و حاکمی میرنشینی دوبەی كۆبووەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، هەردوولا جەختیان لە بەهێزكردنی پەیوەندیەكانیان كردووەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دەڵێت، رێگەخۆشکردن بۆ ئیماڕات بۆ ئەوەی زۆرترین كۆمپانیا بنێرێتە كوردستان بۆ وەبەرهێنان، یەکێک بووە لە تەوەرەکانی گفتوگۆ.
لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چاوەڕێدەکرێت مەسرور بارزانی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ “بەرپرسان و دەسەڵاتداران و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی” هەبێت.
كۆڕبەندی لوتکەی حکومەتەکانی جیهان، لەوڵاتی ئیماڕات ساڵانە ئەنجامدەدرێت، بە بەشداریی زیاتر لە 100 سەرۆك وەزیران، سەرۆک و زیاتر لە 2500 وەزیری وەزارەتە جیاجیاکانی وڵاتان.