وەرنە دائیرەی كارەبا و پارەش بێنن

خاوەن باخ و کارگەکان و بیرەکانی پێنجوێن ئاگادار دەکرێنەوە 

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبای پێنجوێن خاوەن باخ و بیرەکان و کارگە و دەواجینەکان ئاگادار دەکاتەوە، لە ماوەی دە رۆژدا سەردانی فەرمانگەکە بکەن و پارەی كارەبا بدەن.

عوسمان حەمەساڵح، لێپرسراوی فرۆشتنی وزەی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، ئاگاداریان بۆ ئەو موڵکدارانە ئەوەیە، سەردانی فەرمانگەکەیان بکەن تا پارەی کارەبا بدەن.

وتیشی، دەبێت لەگەڵ پارەی کارەبادا وێنەی پێوەری کارەباش لەگەڵ خۆیان بهێنن، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی کارەبا لە سیستم داخیل بکەن.

باسی لەوەش کرد، ئەوان کارمەندی پێویستیان نییە و دەبێت خاوەن کارگە و دەواجینەکان و بیری کشتوکاڵی و خاوەن باخەکان، خۆیان سەردانیان بکەن.

عوسمان حەمەساڵح وتی، تۆمارکردنی کارەبا لە سیستم بۆ ئەوەیە جاری داهاتوو بە ئەلیکترۆنی خوێندنەوەیان بۆ بکەن و دواتر بەپێی بەکارهێنان وەسڵی کارەبایان بۆ بکرێت.

تا ئێستا داتایەکی روون نییە کە چەند بیری کشتوکاڵی هەیە لە ناو قەزای پێنجوێندا و بەڵام زیاتر لە هاوبەشی دەواجین و کارگەکان هەیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا