39 ساڵەی یادی كۆچی دوایی "هێمن موكریانی" بەڕێوەچوو
هەولێر
یادی 39 ساڵەی كۆچی دوایی “هێمن موكریانی” بەڕێوەچوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یادی 39 ساڵەی كۆچی دوایی شاعیری ناوداری كورد هێمن موكریانی، لە هەولێر كرایەوە و رێوڕەسم و بۆنەی تایبەتی بۆ رێكخرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.4.2025 لە ژێرناونیشانی “هێمن، ڕێبواری رێی عیشق و ئازادی” رێكخراوی پەرەپێدانی كاری راگەیاندن بە هەماهەنگی سەنتەری رۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆی سەڵاحەدین، رێوڕەسمی یادی 39 ساڵەی كۆچی دوایی “هێمن موكریانی”ی رێكخست، كە تێیدا پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە شاعیر و نووسەر و مامۆستایانی زانكۆ، هەروەها بنەماڵەی شاعیر و ژمارەیەك لە هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئامادەبوون.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە، لە رێوڕەسمەكەدا چەندین وتار و بابەتی ئەدەبی و بڕگەی هونەری و كولتووری پێشكەش كران، هەروەها خەڵات و دیارییش پێشكەش كران.
پێش ئەو رێوڕەسمەش، پیشانگەیەكی خۆشنووسی تایبەت بە شیعرەكانی هێمن موكریانی هەر لە سەنتەری رۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆی سەڵاحەدین كرایەوە.
هێمن کێیە؟
محەممەدئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن موکریانی، لە 1.3.1921 لە شاری مەهاباد لەدایكبووە، لە 16.4.1986 لە ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە تەمەنی 65 ساڵی كۆچی دوایی كردووە.
هێمن شاعیر، نووسەر و وەرگێڕێکی ناودار و بەتوانای كورد بووە، هەستێكی بەرزی نیشتمانی هەبووە و ئەو هەستەشی له ژیانی واقیع و لە دنیای دهقه شیعرییەكانیدا رەنگی داوەتەوە، بۆیه یەكێك لە ئەندامە چالاكەكانی ژێكاف بووە و دواتریش له حزبی دیموكراتی كوردستان تێكۆشاوە.
هێمن خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەم و كۆبەرهەمی ئەدەبییە لە شیعر و لێكۆڵینەوە و پەخشان و وەرگێڕان ، لەوانە “دیوانی هێمن، تاریك و رون، پاشەڕۆك، توحفەی موزەفەرییە، شازادە و گەدا، قەڵای دمدم، هەواری خاڵی، ناڵەی جودایی، چەپكەگوڵ و چەندانی تر.