یەکێکیان سێیەم حاڵەتە لە جیهاندا

دوو حاڵەتی دەگمەنی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمار دەکرێن

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

 دوو حاڵەتی دەگمەنی شێرپەنجە لە دوو نەخۆشی شاری سلێمانیدا دەردەکەون، کە لە یەک کاتدا دوو شێرپەنجەی جیاوازی ئەندامەکانی جەستەیان هەیە.

یەکەمیان ژنێکی ٥٦ ساڵە، لە یەک کاتدا شێرپەنجەی مەمک و گورچیلەی هەبووە و دوای چارەسەر نەخۆشییەکەی تێپەڕاندووە. دوومیشیان پیاوێکی ٦٠ ساڵە، کە شێرپەنجەی پێست و گورچیلەی هەیە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریدایە و گومان دەکرێت شێرپەنجەی گورچیلەکەی سەری هەڵدابێتەوە.

دکتۆر رەوا حەمەغەریب باپیر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ بە میدیازانی راگەیاند: سەرەتا لەو حاڵەتدانەدا وتمان رەنگە شێرپەنجەکە سەرەتا لە شوێنێکیان بووبێت و دواتر بڵاوبووبێتەوە بۆ ئەو بەشەی تری جەستەی، بەڵام دوای پشکنین دەرکەوت هەردوو شێرپەنجەکان سەربەخۆن، دووەم حاڵەتیش هەروابوو.

ئەو پزیشکە وتیشی: “ئەو نەخۆشەی شێرپەنجەی مەمک و گورچیلەی هەیە لە جیهاندا نزیکەی ١٥ حاڵەتی تۆمارکراو هەیە، بەڵام ئەوەی پێست و گورچیلەکە بەوەی ئێمەوە سێیەم حاڵەتی تۆمارکراوی جیهانە.”