شۆفێری تاكسییەک لە هەولێر

“جەڵتە لێی دا و خۆی بە ستوونێك كێشا و گیانی لەدەست دا”

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەمڕۆ لەسەر شەقامی شۆرش بەرامبەر سناعەی گەورە لە هەولێر، ئۆتۆمبێلێكی جۆری سەنی تاكسی، خۆی بە ستوونی ناوەڕاستی شەقامەکە کێشا و شۆفێرەكەی گیانی لەدەست دا.

بە وتەی كارمەندێکی بەنزینخانەیەک لە نزیک رووداوەکە بۆ 964، هێزەكانی پۆلیس كامێراكانی چاودێرییان سەیر كردبووەوە و دەركەوتووە شۆفێرەكە پێش ئەوەی خۆی بە ستوونی ناوەڕاستی شەقامەكە بكێشێ، جەڵتە لێیداوە و مردووە.

شایەتحاڵێكیش لە شوێنی رووداو ئەمەی بۆ 964 پشتڕاستكردەوە .

وەك 964 بۆ دەستكەوتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندیمان بۆ هێڵی فریاكەوتنی خێرای 122 كرد، بە هەمان شێوەی شایەتحاڵەكە، ئەوانیش زانیارییەكانیان پشتڕاستكردەوە و ئەندامێكی هێڵی فریاكەوتی خێرا وتی، “كاری ئێمە گواستنەوەی تەرم نییە، بەڵام ئاگادارین كەسێك گیانی لەدەستداوە بە جەڵتە، ئێستاش تیمەكانی پۆلیس كارەكانیان دەستپێكردووە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لە چۆنیەتیی رووداوەكە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا