لە عێراق
خۆڵبارین سەدان کەسى رەوانەى نەخۆشخانە کرد
964+
محەمەد فاتیح
بەهۆی خوڵبارینەوە لە عێراق بە سەدان كەس توشی تەنگەنەفەسی بوون و رەوانەی نەخۆشحانەكان كران، دنیادیدە و بەتەمەنەکانیش حاڵەتی تەندروستیان جێگیر نەبووە و تاكو ئێستا نەخۆشخانەكانیان بەجێنەهێشتووە.
بەپێی ئاماری فەرمانگە تەندروستییەكانی پارێزگاكانی عێراق،حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی بەهۆی خۆڵبارینەوە لە پارێزگای نەجەف گەیشتە 500 كەس و فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاكەش دووپاتیكردەوە كە هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەكراوە و هەمووان بە سەلامەتی نەخۆشخانەكانیان بەجێهێشتووە، تەنها بە تەمەنەكان نەبێت كە پێویستە حاڵەتی تەندروستیان جێگیربێت پاشان نەخۆشحانەكان بەجێبهێڵن.
لە پارێزگای دیوانیە 342 حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆماركراوە كە منداڵ و ژن و پیاو و بەتەمەنەكانی گرتووەتەوە و دامودەزگا تەندروستییەكانی پارێزگاكە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
لە پارێزگای بەسرەش 158 كەس توشی تەنگەنەفەسی بون و رەوانەی نەخۆشحانەكان كراون و چارەسەریان بۆ كراوە.
دەستەی كەشناسی عێراق بڵاویكردەوە شەپۆلی خۆڵبارینەكان ناوچەیەكی بەرفراوانی ناوەڕاست و باشور و باكوری عێراقی گرتووەتەوە، بەهۆی رەشەبایەكەوە كە لە رۆژهەڵاتی سعودیا و باشوری رۆژئاوای عێراقەوە سەری هەڵداوە و بۆتە هۆی نەبینینی تەواو لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق.