باشماخ

گەنجێک بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا

+964

كامیار كەمال

لەسەر رێگای خێرای باشماخ، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە گەنجێکی تەمەن 21 ساڵی دا و بەهۆیەوە گەنجەكە گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکەش هەڵهاتووە.

محەمەد رەحمان رێپێدراوی هاتوچۆ بە 964ی راگەیاند، رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو لە یەکەم ئینتەرچەینجی سەر رێگای خێرای باشماخ روویداوە، کە بە پردی ئاڵیاواش دەناسرێت و لەوێدا ئەو گەنجە و چەند شۆفێرێک ئاگریان کردووەتەوە لە قەراغ جادەکە.

وتیشی، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە، خەڵکی سەیدسادقە و لەدایكبووی 2004ە و ئۆتۆمبێلەکەش لە باشماخەوە هاتووە و بە خێرایی خۆی پێدا کێشاوە.

بەگوێرەی وێنە و زانیاریی تایبەت کە دەست 964 کەوتووە، شۆفێرەکە مەست بووە و دوای رووداوەکە هەڵهاتووە و دوای چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە لە ماڵەکەی خۆیدا پۆلیس دەستگیری کردووە.

ئەو شۆفێرانە ئێوارەی دوێنی لەسەر رێگای خێرای باشماخ گردبوونەتەوە بەهۆی بوونی کێشە لەگەڵ چەند شۆفێرێکی خەڵکی مەریوان و بڕیاریاندابوو تا كێشەکەیان چارەسەر نەبێت لەوێ نەڕۆن.

لەسەر رێگای خێرای باشماخ چەندین رووداوی هاتوچۆ روویداوە و تا ئێستا بەهۆی ئەو رووداوانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا