"مێژوویەکمان بەیەکەوە هەیە"
هەڵەبجەییەکان دڵخۆشییەکەیان لەگەڵ خەڵکی هەولێر بەشکرد
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەڵەبجەییەکانی دانیشتووی هەولێر خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە بەپارێزگابوونی شارەکەیان دەربڕی و ئەو دڵخۆشییەیان لەگەڵ هاوڵاتیانی پایتەخت بەش کرد و لە شەقامی ئیسکان شیرینیان بەخشییەوە.
دەلیل جەمال هاوڵاتییەکی هەڵەبجەیە و لە هەولێر نیشتەجێیەوە، ئەو بە 964ـی وت، “ئێمە مێژوویەکمان لەگەڵ خەڵکی هەولێر هەیە، لە ناخۆشییەکاندا لەگەڵمان بوون، ئەمڕۆش پێمانخۆش بوو، ئاهەنگی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەگەڵ هەولێرییەکان بگێڕین”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەولێرییەکان پیرۆزباییان لێکردوون و بەوەش گەلەک خۆشحاڵ بوون، هیواشی خواست ئەو بڕیارە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ کوردستان و هەموو عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.4.2025 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەکۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و دواجار هەڵەبجە بوو بە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری