بەفر دەوامی خوێندنگەکانی لە پێنجوێن راگرت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەهۆی بەفربارینی زۆر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ پلەکانی ژێر سفری سیلیزی، دەوامی خوێندنگەکان لە سنووری قەزای پێنجوێن بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە راگیرا.

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن لە فەیسبووکی خۆیان رایانگەیاند، بەهۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ و بارینی بەفرەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووە.

“بڕیارماندا بە راگرتنی دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و باخچەکانی منداڵان  لە قۆناغی 1 بۆ 12 تەنیا بۆ رۆژی یەکشەممە 12/2/2023 ” ئەمە بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمە دووەمجارە بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە لە سنووری قەزای پێجوێن دەوامی خوێندنگەکان رادەگیرێت.

پێشتریش لە رۆژی 2ی شوبات بەهەمان هۆکار دەوامی پاش نیوەڕوان لە خوێندنگەکانی قەزاکە کرایە پشوو.