"کارکردن دەستپێنەکاتەوە خۆپیشاندان دەکرێت".
کۆمپانیایەکى نوێ دووسایدى چوارقوڕنە – دوکان جێبەجێ دەکات
وریا فەتاح
لە 20.2.2025ـەوە، کارکردن لە پڕۆژەى دووسایدى رێگەى چوارقوڕنە-دوکان وەستاوە، هۆشداریش دەدرێت ئەگەر کارکردن دەستپێنەکاتەوە، هاوڵاتیانى دۆڵى خەلەکان رێگاکە دەگرن.
دواى ئەوەى لە سەرەتاى ئەمساڵ خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان بۆ ماوەى 10 رۆژ، رێگەى دوکان چوارقوڕنەیان داخست، رۆژى 16ـى 1ـى 2025، بە بەڵێنى دەستبەکارکردنەوە و تەواو کردنى پڕۆژەکە لە مساڵدا، رێگاکە کرایەوە.
رۆژێک دواى ئەوە ئامێرەکان دەستیان بە جوڵە کردەوە و کارکردن لە پڕۆژەکە دەستى پێکردەو، بەڵام جارێکى تر لە 20.2.2025ـەوە، کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا.
کۆمپانیاى سروشتى هیران لە سەرەتادا لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکە بووە، دواتر بە ئاگادارى حکومەت کۆمپانیاى ئەکشن بووە بە جێبەجێکارى پڕۆژەکە، بەڵام حکومەت پڕۆژەکەى لەو کۆمپانیایە وەرگرتووەتەوە و بڕیارە بیدات بە کۆمپانیایەکى تر.
بە وتەى عومەر محەمەد، خاوەنى کۆمپانیاى ئەکشن، نە ئەوەیە حەق و حسابمان لەگەڵ بکەن و بڵێن خواحافیزتان بێت، نە ئەوەیە رێگەمان پێبدەن ئیش بکەین، ئێستا ئامێرەکانیشمان لەشوێنى خۆیانن و کارکردن وەستاوە”.
بە وتەى عومەر محەمەد، تەنیا ئێوە کە مەبەستى 964ـە، لەخەم پڕۆژەکەن و لێى دەپرسنەوە، کەسى تر تەلەفونى نەکردووە و لێى نەپرسیونەتەوە.
لاى خۆیەوە، کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان بە 964ـى وت،”پێش جەژن لەگەڵ نوێنەرى خەڵک و خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان سەردانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەمان کرد، ئەوان پێیان وتین کارەکان لەو کۆمپانیایە وەرگیراوەتەوە و دراوە بە کۆمپانیایەکى تر”.
وەک باسى دەکات، بڕیارە یەک دوو هەفتە دواى جەژن، سەرۆکى حکومەت رەزامەندى لەسەر کۆمپانیایە نوێیەکە بدات بۆ ئەوەى دەست بە کارکردن بکاتەوە.
جەختیش دەکاتەوە، خەڵک و خۆپیشاندەران چاوەڕێن، ئەگەر کارکردن دوەستپێنەکاتەوە، خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە و رێگەکە دەگرن.
پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:
قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت و درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە و 95 لەسەدى کارەکانى لە پێش 2021 تەواو بووە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت و هێڵکارى و ئەندازەیى و هەندێ وردەکارى ماوە.
قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا نزیکەى 10 کیلۆمەتر پێش ئەوەى بگەیت بە قەزاى دوکان و درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و گوژمەکەى 54 ملیار دینارە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت، ئەوەى ئێستا کارى تێدا دەکرێت و بڕیارە تا نزیکەى 14 مانگى داهاتوو تەواو بکرێت ئەم قۆناغەیە.
قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دەستى لێنەدراوە.
لەماوەى رابردوودا، دانیشتوانى دۆڵى خەلەکان بۆ ماوەى 10 رۆژ گردبوونەوە و رێگاکەیان داخست، داواکارى سەرەکیشیان دەستکردن بە کارکردن بوو لە پڕۆژەکە، هەر بۆیە بە بەڵێنى دووبارە کارکردنەوە، کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.