ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکان روو لەزیادبوونە

هاوردەی کاڵا لە پەروێزخانەوە لە یەک ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە

شۆڕش قادری

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان روو لەزیادبوونە و لە ماوەی یەک ساڵدا بایی نزیکەی یەک ملیار دۆلار کاڵا، تەنیا لە مەرزی پەروێزخانەوە هاوردەی کوردستان و عێراق کراوە.

بەوتەی حوجەتوڵا چاوشی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لەدیوی ئێران، کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیرنا کردووە، “لە 21.3.2024 تا 21.3.2025، دوو ملیۆن و 878 هەزار تۆن کاڵا بەبەهای 996 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە”.

ئاماژە بەوەشکردووە، بەراورد بە ساڵی پێشووتر، رێژەی هەناردەی کاڵا لەبواری کێش 4٪ و لەبواری بەهاـش 3٪ زیادیکردووە.

چاوشی راشیگەیاندووە، بەتێکڕا رۆژانە 690 بارهەڵگر لە مەرزی پەروێزخانەوە کاڵایان گواستۆتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، زۆربەی کاڵاکانیش سەوزە و میوە و کەرەستەی بیناسازی بوون.

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە مەرزە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و کەوتووەتە نێوان قەزای کەلار و شاری قەسری شیرینـی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.