دوا کۆنگرەیان لە 2010 بەستووە
نووسەرانی دهۆک هەشت ساڵە چاوەڕوانی کۆنگرەن
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
هەشت ساڵە نووسەرانی دهۆک چاوەرێی بەستنی کۆنگرەی نوێ دەکەن، نووسەرێکیش دەڵێ، بەستن و نەبەستنی بۆ دەسەڵات گرنگ نییە.
لقی دهۆکی یەکێتی نووسەرانی کوردستان، لەمانگی ئەیلولی 2010 دوا کۆنگرەیان بەستووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییەکە بێت دەبوو ساڵی 2014 کۆنگرەیان ببەستبووایە، بەهۆی ئەوەی بەپێی هەمان پەیڕەو بێت ئەوانەی ئێستا شەرعیەتییان نەماوە.
تەحسین ناڤشکی، کە خاوەنی 15 کتێبی چاپکراوە بە توڕی964ی ئاماژەی بەوەدا کە بەستن و نە بەستنی کۆنگرە بۆ دەسەڵات گرنگ نییە، بەداخەوە “لایەنی رۆشنبیری لەهەرێمی کوردستان گرنگی پێنادرێت، یەکێتی نووسەرانیش پەیوەستە بەدۆخی حزبەکانی هەرێمی کوردستان و هیچ کەس و لایەنێک هەوڵ یاخود دەستپێشخەری ناکات بۆ بەستنی کۆنگرە”.
زیاتر وتیشی “دەیانجار داوامان کردووە بەڵام بێسوود بووە، ئێمە زۆر حەز دەکەین ئەمساڵ کۆنگرە ببەستین تاوەکو ستافێکی نوێ هەڵبژێرین و کۆمەڵێک گۆڕانکاریش ئەنجامبدەین بۆ خزمەتی لایەنی رۆشنبیری”.
حەسەن سلێڤانەیی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی نووسەران کورد بە تۆڕی964ی وت، هەوڵێک هەیە ئەمساڵ کۆنگرە ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا هیچ وادەیەکی فەرمی دەستنیشان نەکراوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش دەمێنێتەوە سەر بڕیاری گشتی یەکێتی نووسەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان”.
لەبارەی هۆکارەکانی نەبەستنی کۆنگرەش روونیکردەوە، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد دەڵێ: شەڕی دژ بە داعش و تیرۆر و قەیرانی دارایی، دیارترین دوو هۆکاری نەبەستنی کۆنگرەکەن، بەدڵنیایەوە ئێمە هەموو کاتێک ئامادەین بۆ بەستنی کۆنگرە.
لقی دهۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد 264 ئەندامی هەیە، ئەوە هەشت ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی