چارەسەر چییە؟
گەراجی کرێ و کۆڵانەکانی ناوشاری سلێمانی پڕ ئۆتۆمبێلن
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
“نەخۆشمان دەبێ تاکسی داوا دەکەین، مەجال نییە ئۆتۆمبێلەکەی خۆمان بهێنین دەرەوە لە ماڵەوە”، ئەم قسەی یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی سەنتەری سلێمانی، بەشێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی، ئەوانەی نزیكە بازاڕ و نۆرینگە پزیشكییەكانن، نیگەرانن لە راگرتنی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵەكانیان و دوای چارەسەر دەكەن.
گەڕەكەكان پێكهاتوون لە، سلێمانی تازە نزیك زانكۆی سلێمانی، جادەی قەنات، نزیك باخی گشتی، بەشێكی چوارباخ، لای پاركی دایك، گەڕەكی دارۆغا و ئیبراهیم پاشا و مەڵکەندی و هەندێکی دیکە.
خەسرەو حەسەن، دانیشتووی گەڕەكی ئیبراهیم پاشایە و بە 964ی وت، ئێمە بەردەوام گرفتمان هەیە لەوەستانی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵەكانمان، زۆرجار تەكلیفی پێنج خولەك وەستانی ئۆتۆمبێلەكان دەكەن و دواتر بە دوو كاتژمێر نەگەڕاونەتەوە و ژمارە مۆبایلیش لەناو ئۆتۆمبێلەكە جێناهێڵن، سوتفەی كردووە نەخۆشی كتوپڕمان هەبووە و نەمانتوانیوە ئۆتۆمبێلەكانی خۆمان لە گەراجییەكە دەركەین و خۆمان بە تاكسی رۆشتوین.
هەر ئەو نا، سەمیرە رەحیم، دانیشتوویەكی گەڕەكی دارۆغایە و تەواو نارەحەت بووە بەدەست ئۆتۆمبێلەكان و بە 964ی وت، رۆژانە چەند جارێك تووشی دەمەقاڵێ دەبین لەگەڵ شۆفێران و وامان لێهاتووە خانوەكانمان بفرۆشین و بڕۆین، خۆم نەخۆشی دڵم هەیە و روویداوە كە حاڵەتی كوتوپڕم هاتوەتە پێش، بەڵام بەردەرگاكەمان لێگیراوە و نەمانتوانیوە دەرچین.
وتیشی، دوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەم چارەسەرێكمان بكەن و رێگە نەدەن ئەو ئۆتۆمبێلانە لەبەردەم دەرگای ماڵەكانمان چیتر بوەستن.
ئەوانەی ئۆتۆمبێل دەوەستێنن كێن؟
ئەوانەی كاسبكار و دوكاندارەكانن، تا دەگەڕێنەوە لەسەر كار لەو گەڕەكانەی نزیكە بازاڕن ئۆتۆمبێلەكانیان پارك دەكەن، بەشێكیشی دەرمانساز و كارمەندی نۆرینگە پزیشكییەكانن، ئەوانی دیكەش ئەو هاوڵاتیانەن كە رۆژانە بۆ شتومەك كڕین یان بۆ چارەسەر سەردانی بازاڕ و نۆرینگە پزیشكییەكان دەكەن.
لەبارەی چارەسەری دۆخی ئەو گەڕەكانە، عەمید ئاسۆ محەمەد بارام بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، ئێمە رۆژانە مەفرەزەكانمان لەناوشار دەگەڕێن و ئیجرائات دەكەن، هەر ئۆتۆمبێلێك پێچەوانەی ئاراستەی شەقام بوەستێت و رێگەی خەڵكی بگرێت، سەرپێچی بۆ تۆمار دەكرێت.
ئەو بەڕێوبەرە وتیشی، تاكە چارەسەر بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی قەرەباڵغی وەستانی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵان بكرێ، پێویستە قاتی ژێرەوەی باڵەخانەكان بۆ گەراجی تەرخان بكرێت و بكرێت بەمەرج لەكاتی دروستكردنی هەر باڵەخانەیەكی نیشتەجێ بوون.
لە پارێزگای سلێمانی، بە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینیشەوە، نزیكەی 600 هەزار ئۆتۆمبێل بوونی هەیە بەهەموو جۆرەكانی تایبەت، تاكسی و بارهەڵگرەكانیشەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا