نزیک ماڵەکانن
لەقلەقەکانی گردەسپیان گوندەکە بە زێدی خۆیان دەزانن
محەمەد عەلی – پشدەر
گوندی گردە سپیان لە دەڤەری پشدەر، بووەتە ئارامگەیەک بۆ باڵندەی لەقلەقەکان، ساڵانێکی زۆرە لەو گوندە نیشتەجێن و گوندنشینان دەیان پارێزن، ئەوانیش هەست بەو ئارامییە دەکەن و ساڵانە ماوەیەکی دوور و درێژ لە گوندەکە دەمێننەوە.
زۆرێکیان هێلانەکانیان بەرزنین، نزیک ماڵەکانن.
محەمەد جندار، دانیشتووی گوندی گردەسپایانە لە پشدەر بە 964ـی وت، ئەم لەقلەقانە لە ساڵانی 1998- وە هاتوون لانەیان دروست کردووە لە گوندەکەمان، سەرەتا ژمارەیان دوو دانەبوو نێر و مێیەک بوون، دواتر ساڵ بۆ ساڵ ژمارەیان زیاتر بووە و پاراستومانن لەوەی کەس ئازاریان نەدات.
بۆیە ئەوان هەست بە ئارامی دەکەن و گوندەکەمان بە زێد و نیشتیمانی خۆیان دەزانن.
لەقلەق باڵندەیەکی کۆچەرییە، بەهۆی ئەوەی گوندەکە بۆ ئەوان ئارامە، پێش وادەی گەڕانەوەیان دەگەڕێنەوە ئەمساڵیش زوو گەڕاونەتەوە و ئێستا هێلکەیان کردووە.
ئەو دانیشتووەی گوند وتی، گوندەکەمان لە ئێستادا 10هێلانەی باڵندەی لەقلەقی لێیە، ژمارەشیان 20 لەقلەق دەبێت، ئێمە زۆر پێیان دڵخۆشین لەبەر ئەوەی جوانیەکی زۆریان بە گوندەکەمان بەخشیوە و دڵمان پێیان خۆشە، هیوادارین لە هەموو گوندەکان وەک و ئێمە پارێزگاری لەژنیگە بکەن و بیان پارێزن.