قوتابخانەیەک لەناو لەوەڕگای ئاژەڵان
میدیازان – شۆڕش عەبدولستار – هەولێر
لە ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر، خێرخوازێک لەسەر ئەرکی خۆی قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلی دروستدەکات، بەڵام شوێنەکەی دەکەوێتە ناو لەوەڕگای ئاژەڵان.
بنچینە و دیواری قوتابخانەکە بنیاتنراوە، ئێستا گەیشتووەتە دروستکردنی سەربانەکەی.
بەشێک لە هاوڵاتیانی بەحرکە لەوە بێزارن کە قوتابخانەکە کەوتووەتە ناو چەند لەوەڕگایەکی ئاژەڵان، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، بەنیازن لەوەڕگاکان بگوێزنەوە.
تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە بە میدیازانی راگەیاند، “لەوەڕگاکان کێشەی گەورەن بۆ ئێمە، چونکە وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگا هیچ زەوییەکیان بۆ ئامادەنەکردوون، بەڵام خۆم وەک بەڕێوبەری ناحیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا، لە ئایندەیەکی نزیکدا، زەویەکیان بۆ ئامادە دەکەین و دەیانگوێزینەوە”.
“ماوەی ٣٠ ساڵە لەوەڕگاکان لەو جێگایانەدان”
میدیازان دەزانێت، زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئەو لەوەڕگایانە لەو جێگایانەدان، لە ساڵی ٢٠٠٩ هێزێکی زێرەڤانی براوەتە شوێنەکە بۆ تێکدان و لابردنیان، بەڵام خاوەنەکانیان روبەڕویان بوونەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە دەڵێت، کۆتا جار چوار مانگ لەمەوبەر بووە کە ویستراوە تێکبدرێن، بەڵام کێشەی لێکەوتووەتەوە و ئێستا لە هەوڵدان لە رێگەی دابینکردنی زەوی چارەسەری بکەن.
شاکر عەرەب، یەکێکە لە خاوەن لەوەڕگاکان، لە ساڵی ١٩٩٠وە لە ناحیەی بەحرکەیە، بۆ میدیازان روونیکردەوە، بژێوی ئەوان لەسەر ئەو ئاژەڵانەیە (مەڕ و بزن)، “زەوی هەموو بووەتە پرۆژە و یەکەی نیشتەجێبوون، هیچ لەوەڕێک نەماوە ئاژەڵەکانمانی تێدا بلەوەڕێنین”.
ژمارەی لەوەڕگاکان نزیکەی ٦٠ دانەن، کەوتوونەتە ناوەڕاستی ناحیەی بەحرکە، خەڵکی گلەیی دەکەن لەبەر بۆنی پیس و دەنگ و قاڕەی ئاژەڵەکان.